چاڵوچۆڵییەکانى پڕکرانەوە

پێرێ 964 بڵاوى کردەوە و ئەمڕۆ رێگاى سماقوڵى نۆژەنکرایەوە

964+
وریا فەتاح

پێرێ 964 وەک ئەرکی پیشەیی خۆی دەنگی شۆفێرانی گەیاند و مەترسییەکانی رێگاى سماقوڵى خستەڕوو، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش راستەوخۆ بەدەم داواکارییەکەوە هاتن و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێکرد، تەنیا رۆژێک دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە، تیمەکانی چاککردنەوە گەیشتنە رێگای سماقوڵی و دەستیان بە کارکردن کرد.

رێگای سماقوڵی کە ئیدارەی راپەڕین بە هەولێر دەبەستێتەوە، سەرباری ئەوەی لە مانگی ئابی 2025 نۆژەنکرایەوە، بەڵام بەهۆی کۆنی قیرەکەی و هاتووچۆی زۆری تانکەر و بارهەڵگرەکان، جارێکی تر تووشی داڕمان بووەوە و چاڵوچۆڵییەکی زۆر تێیدا دروستبوو، کە رۆژانە دەبووە هۆی تەقینی تایەی ئۆتۆمبێلەکان و پەکخستنیان.

دوای ئەوەی 964 بەدواداچوونی مەیدانی بۆ کێشەکە کرد، دوێنێ سێشەممە تیمەکانی “بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی هەولێر” دەستیان بە هەڵمەتێکی نۆژەنکردنەوە کرد و بەشێوەیەکی کاتی چارەسەری بەشێک لە کێشەکانیان کرد.

ئەندازیار ئەحمەد، سەرپەرشتیاری کەرتی چوار لە بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی هەولێر بە 964ـی راگەیاند: “دوای ئەوەی بەڵێنماندا چارەسەری بکەین، دوێنێ دەستمان پێکرد و بڕی 70 تۆن قیرمان بۆ پڕکردنەوەی چاڵ و قۆڵتەکان بەکارهێناوە”.

سەرپەرشتیارەکەی کەرتی چوار ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەڵمەتەی ئێستا چارەسەرێکی کاتییە بۆ ئەوەی رێگاکە لەو دۆخە مەترسیدارە دەربچێت، چونکە چاوەڕوانی پڕۆژەی تەواوەتین کە هێشتا 80%ـی بودجەکەی ماوە خەرج بکرێت، هەر کاتێک پارەکە دابین کرا، نۆژەنکردنەوەی بنەڕەتی بۆ رێگاکە دەکرێت.