کوردە چەقۆوەشێنەکەی بەریتانیا شەش ساڵ بەند دەکرێت

هاوبەش ئەبوبەکر

پەنابەرێکی کورد لە بەریتانیا لەسەر هێرشکردنە سەر کەسێک بە چەقۆ، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

ئەو پەنابەرە کوردە ناوی رێباز محەمەدە و تەمەنی 28 ساڵە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لە پارکێکدا لە شاری ساوسامپتۆن بە چەقۆ ھێرشدەکاتە سەر خوێندکارێکی بەریتانی، کە بەر لە ھێرشەکە لەگەڵیدا وەستاوە و قسە دەکەن.

رێباز محەمەد دانی بە تاوانەکەیدا ناوە

میدیای بەریتانیا دوێنێ پێنجشەممە، ڤیدیۆی ئەو پەنابەرە کوردەیان بڵاوکردەوە لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکە و باس لەوە دەکەن، رێباز محەمەد دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

بە وتەی پارێزەری پەنابەرە کوردەکە، رێباز بە بەلەم ھاتووەتە بەریتانیا و دواتر ویستویەتی دیپۆرتی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، چونکە ھیچ کارێکی نەبووە و بێپارە بووە، بۆ ئەوەش دەبوو تاوانێک ئەنجامبدات.

ئەو دادوەرەی سزاکەی بەسەردا سەپاندووە وتویەتی، ئەو ھاووڵاتییە بیانیانەی دێنە وڵاتەکەوە و تاوان بەرامبەر ھاوڵاتیانی بەریتانی دەکەن سزای یاساییان بەسەردا جێبەجێدەکرێت و لە زووترین دەرفەتدا دیپۆرت دەکرێنەوە.