"نوێترین هەڕەشەی خامنەیی بۆ ترەمپ"

“رەنگە سوپاکەت زللەیەکی وابخوات نەتوانێ لە شوێنی خۆی هەستێت”

شۆڕش قادری

لە گەرمەی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، رێبەری ئێران هەڕەشەی توند لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، “ناتوانیت شکست بە ئێران بهێنێت”.

عەلی خامنەیی رێبەری ئێران لە وتارێکدا بۆ خەڵک و بەرپرسانی شاری تەبرێز ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی بە پیلان و فیتنەی وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەقەڵەمدا و رایگەیاند، “ئەو کەسانەی هاتوونەتە سەرجادە، فریوی پیلانگێڕی و فیتنەی دوژمنیان خواردووە”.

وتیشی، “سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام دەڵێت، سوپای ئێمە بەهێزترین سوپای دونیایە، بەهێزترین سوپا لەوانەیە هەندێک جار زلـلەیەکی وابخوا کە نەتوانێ لە شوێنی خۆی هەستێت، بەردەوام دەڵێن، کەشتی جەنگیمان بۆ نزیک ئێران ناردووە، راستە ئەوە ئامێرێکی مەترسیدارە، بەڵام لەوە مەترسیدارتر ئەو چەکەیە کە دەتوانێت کەشتییەکە نوقمی دەریا بکات”.

خامنەیی راشیگەیاند، لە وتەیەکی ئەمداوییەیدا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە کە 47 ساڵە ئەمریکا نەیتوانیوە، کۆماری ئیسلامی لەناو ببات و ئەوەشی وەک گلەیی لە خەڵکی خۆیان کردووە، ئەوە دانپێدانانێکی باشە، منیش دەڵێم، “تۆش ناتوانی ئەو کارە بکەیت”.

ئەوەش لەکاتێکدایە هەر ئێستا لە جنێفی سویسڕا هەردوو شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری عومان گفتوگۆ دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ.