244 ملیار دیناریان لە بەغدا گیری خواردووە
جوتیارانی کەرکوک لە بەردەم سایلۆ گردبوونەوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
جوتیارانی کەرکوک دژی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان لە بەردەم سایلۆی شارەکە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی زیاتر لە 244 ملیار دیناری پارەی گەنمی ئەمساڵیان لە بەغدا گیری خواردووە و بەهۆی دۆخی سیاسی عێراق و وەزارەتە وەکالەتەکانەوە، رەوانە ناکریت.
بەشێک لە جوتیارانی شارەکە بە 964ـیان راگەیاندووە، وا بۆ وەرزی دووەم دەچێت هێشتا پارەی بەرهەمەکانیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا زۆربەیان بە قەرز پەین و پێداویستی کشتوکاڵییان کڕیوە و ئێستا بەهۆی کۆبوونەوەی قەرزەکانەوە تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی بوون.
عەبدوڵا محەمەد جوتیارێکی کەرکوکە، ئاماژەی بەوە کرد کە ناتوانن بەروبوومەکانیان بدەنە حکومەت و ئەویش پارەکەیان پێ نەدات، لە کاتێکدا ئەوان نەیانویستووە رێگا سەرەکییەکان بگرن و تەنیا داوای مافی خۆیان دەکەن.
عەبدوڵا میر وەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ 964 دووپاتی کردەوە، ئەمساڵ کەرکوک دووەم پارێزگای عێراق بووە لە ئاستی بەرهەمهێناندا و 503 هەزار تۆن گەنمی هەبووە، بەڵام لە کۆی 412 ملیار دیناری شایستەی جوتیاران، تەنیا 168 ملیار دینار خەرج کراوە.
ئاشکراشی کرد، کە گیرخواردنی ئەو 244 ملیار دینارە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە حکومەت کاربەرێکەرە و وەزارەتەکان بە وەکالەت بەڕێوە دەچن، ئەوەش بووەتە رێگر لە بەردەم پێدانی پارەی ئەو دووهەزار و 600 جوتیارەی کە هێشتا شایستەکانیان وەرنەگرتووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر