"بڕیاربوو لە 90 رۆژ تەواو بکرێت"
زیاتر لە ساڵێکە دەروازەکەی قەزای کفری تەواو نەکراوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێک تائێستا دەروازەی قەزای کفری تەواو نەکراوە، شارەوانی قەزاکەش دەڵێت، حکومەت سولفەی کۆمپانیاکە خەرج ناکات و تا ئەوکاتەش بە تەواونەکراوی دەمێنێتەوە.
لە بەرواری 10.7.2024 دەستکرا بە کارکردن تێیدا، ئەوکات بڕیاربوو لەماوەی 90 رۆژ کارەکانی تەواو بکرێت.
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری بە 964ـی وت، ماوەیەکی زۆرە کارەکانی دەروازەی قەزای کفری وەستاوە، بەوھۆکارەی حکومەت خەرجکردنی سولفەی کۆمپانیاکانی راگرتووە.
“نزیکەی 90%ـی کارەکانی تەواوبووە، ھەیکەلی دەروازەکە تەواوکراوە، ئەوەی ماوەتەوە روپۆشکردنیەتی بە بەردی مەڕمەڕ، ئێمەش پێشنیارمانکردوە بە بەردی ناوچەکە روپۆش بکرێت، بۆئەوەی سیمایەکی جوانتری ھەبێت، بەردی مەڕمەڕ ساڵانە خەرجی تازەکردنەوەشی دەوێت”، عەلی خورشید وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، تێچووی پرۆژەی دەروازەی کفری 340 ملیۆن دینارە، کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە چاوەڕێیە حکومەت پارەی بۆ تەرخانبکات ئەوکات دەستدەکاتەوە بە کارەکانی و تەواوکردنی زۆری پێناچێت ئەگەر پارە ھەبێت.
بە تەواو بوونی دەروازەی قەزای کفری، قەزاکە سیمایەکی جوانتر و شارستانیتر وەردەگرێت، گوزارشت لە مێژویی بوونی شارەکە دەکات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی