400 دار چێنراوە
بە بینینی زەیتوون دەروازەی کەلار دەستپێ دەکەیت
964+
میلادد جەلال – گەرمیان
ئەمڕۆ یەکشەممە 15.2.2026، بە درێژایی دوو کیلۆمەتر و نیو لە دەروازەی قەزای کەلار 400 دار زەیتون دەچێنرێن، ئەو دارانە تەمەنیان نزیکەی 15 ساڵە.
ئارام نەجمەدین، بەرپرسی بەشی باخچەکان لە شارەوانی کەلار بە 964ى وت، ئەو دارەکان لە باخێکی زیادەڕۆ بوون، لەلایەن شارەوانیەوە باخەکان تێکدەدرێت، نزیکەی 400 دار زەیتونی تێدابوون، بۆ ئەوەی دارەکان نەفەوتێن ئێمەش گواستمانەوە بۆ دەروازەی کەلار دەیانچێنین.
ئەو دارانە تەمەنیان نزیکەی 10 بۆ 15 ساڵە، داری زەیتونیش بۆ ژینگەی گەرمیان زۆر گونجاوە بۆیە ئێمەش بیرمان لەوەکردەوە بیانھێنینە دەروازەی قەزاکە بۆ ئەوەی سیمایەکی جوانی ھەبێت و سەوزتر ببێت، ئارام نەجمەدین وای وت.
جگە لە دەروازەی کەلار، وەک ئارام نەجمەدین باسی کرد، لە چەند شوێنێکی دیکە لەناوشار داری بەرداریان چاندووە، ئەمساڵ بەشێک لەو دارانە بەرھەمیان ھەبووە و خەڵکی گەڕەکەکان بۆ خۆیان بەرھەمەکانیان لێکردووەتەوە و خواردوویانە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا