"بە ئامانجی ئاشناکردنی قوتابیان بە مافەکانیان"
هەڵبژاردنی پەرلەمانی قوتابخانەکان لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی قوتابیان و ئاشناکردنیان بە مافەکانیان، لە 31 قوتابخانەی سلێمانی و بەشێوەی ئەزمونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی قوتابخانەکان بەڕێوەدەچێت.
قوتابخانەی U.B.School یەکێکە لەو قوتابخانانە کە هەڵبژاردنەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت، ئاراس جەمال بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە 964ـی وت، “دەنگدانەکە لە کاتژمێر 9:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە، لە هەر پۆلێکی قوتابخانەکەمان یەک نوێنەر هەڵبژێردراوە کە هەموویان 12 نوێنەرن، لەو 12 قوتابییە شەش کەسیان دەردەچن، کە یەکێکیان دەبێتە، سەرۆکی پەرلەمان، یەکێکی دیکەیان جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەوەی دیکەشیان سکرتێر و سێ قوتابییەکی دیکەش وەک ئەندامی پەرلەمان دەستبەکار دەبن”.
پڕۆسەکە هاوشێوەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەقسەی چرا ئەبوبەکر سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، ئەوە بەرنامەیەکی وەزارەتی پەروەردەیە کە بۆ ئەمساڵ بەشێوەی ئەزمونی لە 31 قوتابخانە ئەنجام دەدرێت و ئامانج لە بەڕێوەچوونی، ئاشناکردنی قوتابیانە بە مافەکانی منداڵ و پارێزگاریکردن لە ژینگەکەیان.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری