دیمەنی رانیە لە ئاسمانەوە - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
حەوت پارێزەر و هەڵمەتێکی ملیۆنی
کارمەندێکی کارەبا بووەتە “پاڵەوانی رانیە”
964+
ژێوار خدر
لێدوانی فەرمانبەرێکی کارەبای راپەڕین لەسەر پارەی “پڕۆژەی رووناکی”، کارەبای ناوچەکەی ناچار بە روونکردنەوە کرد و لە بەرامبەریشدا شەپۆلێکی گەورەی پشتیوانی لەسەر ئاستی جەماوەری و یاسایی بۆ دروستبووە، لە کاتێکدا فەرمانگەکە لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکهێناوە، هاوڵاتییان بە “هەڵمەتی یەک ملیۆن دیناری” و پارێزەرانیش بە خۆبەخشی هاتوونەتە سەر خەت بۆ پاڵپشتی ئەو فەرمانبەرە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای راپەڕین رایگەیاند، ئەو فەرمانبەرەیان بە مەبەستی “لێتێگەیشتن” بانگکردووە و بڕیارە لێژنەیەکی بۆ پێکبهێنرێت تاوەکو بەڵگەکانی لەسەر پڕۆژەی رووناکی بخاتە روو.
رەتیشی دەکاتەوە فەرمانبەرەکە روانەی دادگا کرابێت و دەڵێت، “تەنیا رێکارێکی کارگێڕییە”، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە کە لیژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی دەبێت و ئەگەر قسەکانی نەسەلمێنرێت، سزای یاسایی دەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم رێکارانە ناڕەزایەتی هاوڵاتییانی لێکەوتووەتەوە و هەڵمەتێکی فراوان بە ناوی “پشتیوانی یەک ملیۆن دیناری” بۆ فەرمانبەرەکە دەستیپێکردووە، بەشێکی زۆری هاوڵاتییانی دەڤەرەکە بەڵێنیانداوە ئەگەر فەرمانبەرەکە لەسەر کارەکەی دووربخرێتەوە، بە ملیۆنەها دینار هاوکاری دارایی بکەن.
هاوکات، حەوت پارێزەریش لە شارەکانی رانیە، سلێمانی، کەلار، قەڵادزێ و هەڵەبجە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بە شێوەی خۆبەخش بەرگری لێبکەن ئەگەر دۆسیەکە بگاتە دادگا.