تیمى کوردستانى رێکخراوى CPT:
26 رۆژە لەنێوان رەقە و حەسەکە ئەم خوێندکارە بێسەروشوێنە
964+
وریا فەتاح
خوێندکارێکی خەڵکی عەفرین، لە کاتی هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە هێرشەکانی سەر شاری رەقە، لە ناوچەی “سەباحولخەیر” دیارنامێنێت و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
رۆژی 17ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتی چڕبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر رەقە، 62 خوێندکاری زانکۆی “ئەل شەرق” بە سێ پاسی گەورە و پاسێکی بچووک شارەکەیان بەرەو حەسەکە بەجێهێشت. بەڵام لە ناوچەی سەباحولخەیر، کاروانەکەیان کەوتە بەر دەستڕێژی گولـلەی گرووپە چەکدارەکان.
خوێندکارەکان ناچار بوون پاسەکان جێبهێڵن و بە راکردن و خۆشاردنەوە لە ناوچەکە دووربکەونەوە، دوای چوار کاتژمێر و نیو گەیشتنە شاری حەسەکە، بەڵام لەوێ بۆیان دەرکەوت یەکێک لە هاوڕێکانیان ون بووە.
کامەران عوسمان بەرپرسی دۆسیەی مافی مرۆڤ لە تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT) بە 964ـى وت،” ئەو خوێندکارەی دیار نەماوە، ناوی (شیار فەهیم هەمزە) یە، لەدایکبووی ساڵی 2005 و خوێندکاری بەشی ئەندازیاری کارەبایە. تا ئەم ساتە کەسوکارەکەی نازانن ئایا لە ژیاندا ماوە، بریندارە، یان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستگیر کراوە”.
وتیشى،”لە رێگەی بەڵگەنامە، چاوپێکەوتن لەگەڵ گەواهیدەران و بینینی وێنە و ڤیدیۆکان، رووداوی بێسەروشوێنبوونی شیارمان پشتڕاست کردووەتەوە.”
وەک باسى دەکات، بەهۆی هێرشەکانی سوپای حکومەتی راگوزەری سوریا لەم مانگەدا، دەیان هەزار خێزان ئاوارە بوون و زیاتر لە 100 هاووڵاتی مەدەنی لە رێگاکانی دەربازبووندا بێسەروشوێن بوون.