دیمەنێک لە رووباری دیجلە لە ناوچەی بەعاجی قەزای شەرگات- وێنە: 964
وەزیر قسەی نوێ دەکات
تەواوبوونی وێستگەی چاودێری ئاوەکانی دیجلە و فوڕات نزیکە
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری ژینگە هەڵۆ عەسکەری رایگەیاند، پڕۆژەی دانانی وێستگەکانی چاودێریکردنی پیسبوونی ئاو لەسەر هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە.
عەسکەری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، ناکرێت رێژەیەکی دیاریکراو بۆ پیسبوونی ئاوی رووبارەکان دابنرێت، بەڵام رووبارەکانی عێراق بەهۆی چالاکییە کشتوکاڵی و بازرگانی و پیشەسازییەکانەوە پیس بوون، وەزارەت خاوەنی سیستم و یاسای تایبەتە، بەتایبەتی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە.
وەزارەت لە رێگەی ئەم رێنماییانەوە دەتوانێت چاودێری رووبارەکان بکات، وەزیر باسی لەوەکرد، پڕۆژەیەک هەیە بۆ دانانی وێستگەکانی دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی پیسبوونی ئاو لەسەر رووبارەکانی دیجلە و فوڕات و لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، بەڵام بەهۆی کۆتاییهاتنی تەمەنی حکومەتی ئێستاوە، نەمانتوانیوە بچینە قۆناغی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان.
عەسکەری داوای لە حکومەتی داهاتوو کرد، ئەم پڕۆژەیە تەواو بکات بۆ ئەوەی وەزارەت داتا و زانیاری هەبێت دەربارەی جۆر و خەستیی پیسبوونی ئاوەکان، هەروەها بتوانێت راوێژ بداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک ئەمانەتی بەغدا و شارەوانییەکانی پارێزگاکان، سەبارەت بە چۆنیەتی دانانی وێستگەکان لە شوێنە گونجاوەکان و جۆری فلتەر و ئامێرە بەکارهاتووەکان.