رێگاو بانى راپەڕین روونکردنەوە دەدات
پردە کۆنەکەى دەربەندى رانیە مەترسى لەسەر نییە
964+
وریا فەتاح
دوای ئەوەی دەرکەوتنی بەشێکی پایڵەکانی پردە کۆنەکەى دەربەندى رانیە نیگەرانی دروستکرد، ئەمڕۆ دووشەممە تیمێکی ئەندازیاریی پشکنینیان بۆ پردەکان کرد و دڵنیایی دەدەن کە هیچ مەترسییەکی رووخانیان لەسەر نییە.
بەڕێوەبەرایەتى چاککردنەوە و پاراستنى رێگاوبانى راپەڕین ئەنجامی پشکنینەکەی بەم شێوەیە خستەڕوو:
گۆڕانی شێوەی رێڕەوی ئاوەکەیە کە بووەتە هۆی دیاردەی “داخوران – Scouring”، واتە ئاوەکە خاکی دەوروبەری پایڵەکەی بردووە، نەک ئەوەی کێشەیەک لە بنچینەی پردەکەدا هەبێت.
بۆچی مەترسی نییە؟
بەپێی راپۆرتی ئەندازیاران، بنچینەی هەردوو پردەکە لەسەر سیستەمی (End-bearing-piles) دیزاین کراوە، واتە:
هێزی قورسایی پردەکە راستەوخۆ دەچێتە سەر چینە هەرە بەهێزەکان و بەردی بنچینەیی (Bedrock).
پردەکە بۆ وەستان پشت بە لێکخشاندنی خاک (Friction) نابەستێت، بۆیە ئەگەر خاکەکەش بڕوات، پردەکە جێگیرە.
چارەسەرەکان چی دەبن؟
تیمەکان دوو هەنگاو دەگرنەبەر:
1. بەپەلە: ئاوەکە دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی پەستان تەنها لەسەر یەک یان دوو سپان (Span) نەبێت.
2. لە وەرزی کەمئاویدا: بە بەکارهێنانی قسڵڕێژ (Riprap) یان کۆنکرێتی پارێزەر، دەوروبەری پایڵەکان پڕدەکرێنەوە بۆ رێگری لە داخورانی زیاتر.