"تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی بووین"
وارسی شەهیدانی کیمیاباران داوای تەواوکردنی خانووەکانیان دەکەن
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
ئەمڕۆ لە بەردەم بینای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، بەشێک لە وارسی شەھیدان گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا لە دژی تەواونەکردنی ئەو خانوانەی ساڵی 2012 بڕیاری درووستکردنیان لەسەر بودجەی پترۆدۆلار دراوە و تا ئێستاش تەواونەکراون.
سیروان عوسمان، یەکێکە لە وارسی شەھیدان و بە 964ی وت، “ھەموو لایەک قەرزاری وارسی شەھیدانن بۆ ئەو قوربانیەی کە داویانە، بەڵام وارسی شەھیدانیش قەرزاری بازاڕن، چونکە لەسەر گیرفانی خۆمان پێداویستی و کەلوپەلی خانوومان ھێناوە بەو ھیوایەی حکومەت سلفەکانمان پێبدات و ئێمەش قەرزەکانمان بدەینەوە، بەڵام ئەو سلفانەمان بۆ نەگێڕدراوەتەوە”.
زیاتر روونیکردەوە، کە ئەمە دوا ھۆشدارییە بۆ حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار کە پێش یادی کیمیاباران چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیەمان بدۆزێتەوە ئەگەر نا ھەڵوێستی توندترمان دەبێت.
پڕۆژەکە پێکدێت لە 928 خانوو بۆ وارسی شەھیدان، لەسەر بودجەی پترۆدۆلار لەو ژمارەیە دروستکردنی 407 خانوو چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، و 113ـیان تەواو کراون، 263 خانووشیان یەک سلفەیان ماوە، و 31 خانووش دوو سلفەی ماوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری