بەدر مەحمود و کەریم شکور، لەگەڵ نوسراوە ئیدارییەکە - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
پارێزگار هاتەوە و مەلا کەریم چوو
کورد کورسییەکەی خورماتووی بە نسیب بوو
سیروان خورشید – خورماتوو
بەپێی نوسراوێکی فەرمی، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین “بەدر مەحمود فەحل” دەستبەرداری کورسیەکەی پەرلەمان بوو، دووبارە گەڕایەوە سەر پۆستی پارێزگاری و بەمەش نوێنەرێکی کوردی خورماتوو دەچێتە جێگەکەی لە پەڕلەمانی عێراق. ئەو نوێنەرەش مەلا کەریم شکورە.
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە964ـی وت، چەند رۆژی رابردوو پارێزگاری سەڵاحەدین سوێندی یاسای لەنێو پەرلەمانی عێراق خوارد، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەیدەویست دەستبەرداری پۆستی پارێزگا بێت، ئەمڕۆ بەنوسراوی فەرمی رایگەیاند کە ئەو ناچێتە پەلەمان و وەک پارێزگار لەشوێنەکەی خۆی دەمێنێتەوە.
ئەم هەنگاوە وایکرد کورد لەخورماتوو ببێتە خاوەن کورسیەکی پەڕلەمانی و لەجێگەی بەدر مەحمود، کەریم شکور ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری ئێستای خورماتوو کە لەرێزبەندی دووەمی لیستەکەدایە، دەچێتە شوێنەکەی و دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
ئەو ئەندامەکەی ئەنجومەنەکە وتی، هۆکاری پاشگەزبوونەوەی پارێزگار لەپۆستی پەرلەمان ئەوەیە، ئەوانەی بەنیازی پڕکردنەوەی شوێنی پارێزگار بوونە، هیچیان نیسابی یاساییان تەواو نەکردووه، یەکێک لەوانەی بەنیازبووە ببێتە شوێنگرەوەی، ” ئەبو مارن” پارێزگاری پێشوی سەڵاحەدین بووە. بەڵام دواجار هەوڵەکان شکستی هێناوە.
بۆیە لەنێوان هەردوو پارێزگاری ئێستا و پێشوو، رێکەوتن ئەنجامدراوە بەوەی کە پارێزگاری ئێستا لەشوێنەکەی خۆی بمێنێتەوەو پۆستەکان لەنێوانیان دابەش بکەن.
لە رۆژی 11.11.2025 هەڵبژارنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، کوردانی خورماتوو بە دوو نوێنەری جیا جیا بەشداریان لەپڕۆسەکە کرد، هەرچەندە، “کەریم شکور” کاندیدی لیستی هاوپەیمانی بەناوی”جەماوەری نیشتیمانی”بوو زیاتر لە 15 هەزار دەنگی کوردی قەزاکەی بەدستهێنا کە لەرێزبەندی دووەمی لیسەکەدا بووە، بەڵام لەروی یاسایەوە دەبوو کورسیەکی لیستەکە بۆ ژنێک بێت، بەمەش پارێزگار و ژنێک دەرچوون و نوێنەرەکەی خورماتوو کورسیەکەی پەرلەمانی بەو جۆرە لە دەست دەچوو.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری 964 لە خورماتوو، لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا و لە کۆبوونەوەی پەڕلەمان، دەبێت نوێنەرە کوردەکەی خورماتوو بچێتە پەرلەمان و سوێندی یاسای بخوات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا