مەرگ و ژینیان پێكەوە بوو
باوكی دوو منداڵەكەی رانیە چۆنیەتیی گیانلەدەستدانی منداڵەکانی بۆ 964 دەگێڕێتەوە
964+
دەریا ئەحمەد
مەریوان حاجیاوایی باوكی ئەو دوو منداڵەی لە رانیە بە دووكەڵی ئاگری هیتەر گیانیان لەدەست دا، رووداوەكە و چۆنیەتیی ئاگركەوتنەوە لە ماڵەكەی بۆ 964 باس دەكات.
ئەمڕۆ شەممە 7.2.2026 رووداوێكی ناخۆش لە رانیە روویدا و دوو منداڵی دووانەی تەمەن شەش ساڵان لە شیرینی خەودا خنكان، بەهۆی ئەوەی هیتەری ژوورەكەیان ئاگریگرتووە و ئەو دوو منداڵەش بەدووكەڵی ئاگرەکە گیانیان لەدەستداوە.
باوكی ئەو دوو منداڵە بە ناوی مەریوان حاجیاوایی بە 964ی راگەیاند، بەیانی زوو لە خەو هەڵساوە بچێتە سەر كار، بینیویەتی لە ژووری منداڵەكانی ئاگر هەڵگیرساوە، دواتر توانیویەتی بە بەتانی ئاگرەكە بكوژێنێتەوە، كە هی هیتەری ژوورەكە بووە و شەو نایانكوژاندووەتەوە و گڕی گرتووە.
باوكی منداڵەكان دەڵێت، دوو منداڵە دووانەكەم، كە كوڕ و كچێكن بەهۆی دووكەڵەوە خنكاون و گیانیان سپاردووە، منداڵێكی دیكەشمان لە ژوورەكە بووە، باش بوو ئەویان سەلامەت بووە و تەمەنی لەوان گەورەترە.
هەر لە بارەی ئەم رووداوە، هەژار عومەر بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رانیە بە 964ـی وت، شەوی رابردوو لە گەڕەكی تیتۆکەی سەر بە رانیە بەهۆی ئەوەی لە کاتی خەودا سۆپای کارەبایی ژوورەکەیان نەکوژاوەتەوە و کورسیەکیش نزیک بووە لێیەوە و گڕی گرتووە، بەهۆی دووکەڵەکەیەوە گیانیان لەدەست داوە.
وتیشی، خێزانەكە چوار منداڵیان هەبووە و منداڵە بچووکەکەیان لە لای دایک و باوکی خەوتووە و کێشەیان نەبووە و سێ منداڵەکەی تریشی لە ژوورەکەی خۆیان خەوتوون و ئەم رووداوەیان بەسەرهاتووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا