لە کاتی نوێژی هەینیدا هێرش کرایە سەر مزگەوتی "خەدیجەتول کوبرا"

تەقینەوەیەک لە مزگەوتێکی ئیسلام ئاباد روویدا؛ کوژراو و بریندار هەن

ژێوار خدر

تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناو مزگەوتێکی شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان روویدا، رووداوەکە رێک لەو کاتەدا بووە کە هاوڵاتییان خەریکی ئەنجامدانی نوێژی هەینی بوون و بەهۆیەوە ژمارەیەک نوێژخوێن گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی فریاکەوتنی پاکستان رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکەوە چوار کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، کە بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان، تیمەکانی فریاگوزاری دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ناوچەکەیان گەمارۆ داوە بۆ رێگریکردن لە هەر مەترسییەکی دیکە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە لە مزگەوتی “خەدیجەتول کوبرا” روویداوە کە وەک “حوسەینییە”ش بەکاردێت. تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دیاریکردنی جۆری تەقینەوەکە و ناسنامەی ئەنجامدەرانی.