"رێگایەک بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان"
12 ساڵە پردێکی نێوان خورماتوو – سەڵاحەدین بە رووخاوی ماوەتەوە
سیروان خورشید – خورماتوو
ماوەی 12 ساڵە پردی “زەرگە” لە خۆرئاوای خورماتوو کە قەزاکە بە پارێزگای سەڵاحەدین دەبەستێتەوە، بە رووخاوی ماوەتەوە، ئەم پەککەوتنە درێژخایەنە وایکردووە هاتوچۆ لە ناوچەکەدا ببێتە مەترسییەکی گەورە و هاوڵاتییان ناچار بن بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست، رێگەیەکی دوور و تاقەتپڕوکێن بگرنە بەر.
ئەم پردە کە لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقێندرایەوە، تائێستا نۆژەن نەکراوەتەوە، وێرانیی ئەم رێگەیە وایکردووە سەدان فەرمانبەر و هاوڵاتی پەنا ببەنە بەر رێگەی کەرکوک و ناوچەی عەزیەم، ئەمەش گەشتەکەیانی دوو کاتژمێر درێژتر کردووەتەوە، بەهۆی ئەم ئاستەنگانەوە، هەندێک لە فەرمانبەران ناچارن هەفتەی تەنیا یەکجار بگەڕێنەوە لای خێزانەکانیان و لەو شارانە بمێننەوە کە دەوامی لێ دەکەن.
یاسین مەحەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ 964 ئاشکرای کرد، سەرباری چەندین نووسراو بۆ بەغدا و رێگەوبانەکان، تەنیا بەڵێنی بێ کرداریان وەرگرتووە.
وتیشی، بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین، دەڵێن ئێمە ئاوەکەمان لە رێگەکە بەلاوە گرنگترە و بوونەتە رێگر لە چارەسەرکردنی کێشەکە.
پردی زەرگە بەدووری نزیکەی 20 کیلۆ مەتر دەکەوێتە خۆرئاوای قەزای خورماتوو، رێگاکە خورماتوو و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی پارێزگای سەڵاحەدین بەیەک دەبەستێتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکان، چاککردنەوەی پردەکە پێویستی بە زیاتر لە 25 ملیار دینارە، لە کاتێکدا ئەو رێگە کاتیانەی شارەوانی دروستیان دەکات، بە یەک لافاو نوقمی ئاو دەبن و رێگەکە دادەخەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر