کەناراوەکانی یۆنان
25 كەسیش بریندارن
15 كۆچبەر لە یۆنان گیانیان لەدەست دا
ئەرسەلان عەبدوڵا
كەشتییەكی پۆلیسی پاسەوانی كەنار دەریای یۆنان و بەلەمێكی كۆچبەران بەیەكیاندادا و لە ئەنجامدا 15 كەس گیانیان لەدەست دا، كە هەموویان كۆچبەرن.
دەسەڵاتدارانی یۆنان رایانگەیاندووە کە لە ئەنجامی پێکدادانی کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان و بەلەمێکی کۆچبەرانی یۆنان لە کەناراوەکانی دوورگەی کیۆس لە دەریای ئیجە لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسێکی ناوخۆیی یۆنان لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندووە، سەرجەم ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە، کۆچبەرن، دوای رووداوەکەش تەرمەکانیان لە دەریا دەرهێنراون.
هەروەها راگەیەندرا 25 کەسیش بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە کە 11یان منداڵن و دوو کارمەندی پاسەوانی کەناراوەکانیشی تێدایە، تا ئێستاش ژمارەی وردی سەرنشینانی ناو بەلەمەکە نادیارە.
دەسەڵاتداران پشتڕاستیان کردەوە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن لە ئەگەری هەبوونی هێشتا کەسانی ونبوو، بەلەمەکە لە کەناراوەکانی تورکیاوە بەرەو دوورگەی كیۆس دەڕۆیشت.
ئەم رووداوە جارێکی دیکە دووپاتی ئەو مەترسییە قورسانە دەكاتەوە، کە کۆچبەران لە کاتی بەزاندنی نایاسایی دەریای ئیجە بەرەو یۆنان رووبەڕوویان دەبێتەوە لە رێگەی گەیشتن بە ئەوروپا.