سوپای ئەمریکا رایگەیاند، درۆنێکی ئێرانیان خستەخوارەوە کاتێک لە کەشتی ئەبراهام لینکۆڵن نزیک بووەتەوە - وێنە؛ رۆیتەرز
سوپای ئەمریکا:
“درۆنێکی ئێرانمان خستەخوارەوە کاتێک لە کەشتی ئەبراهام لینکۆڵن نزیکبووەوە”
شۆڕش قادری
سوپای ئەمریکا دەڵێت، درۆنێکی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە کاتێک لە کەشتی جەنگیی ئەبراهام لینکۆڵن نزیک بووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا و لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە کە سوپای ئەو وڵاتە درؤنێکی ئێرانیان لەسەر دەریای عەرەب خستووەتە خوارەوە کاتێک لە کەشتی ئەبراهام لینکۆڵن نزیک بووەتەوە.
بەپێی ئەو راپۆرتە، درۆنەکەی ئێران لەجۆری شاهد 139 بووە و لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکا لە جۆری F35 کەتووەتە خوارەوە.
هاوکات کەناڵی فۆکس نیوز بڵاویکردووەتەوە کە ئەو درۆنە بە مەبەستێکی نادیار و بەشێوەی هێرشبەرانە لە کەشتیە جەنگییەکەی ئەمریکا نزیک بووەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پەرەیسەندووە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش چەند جارێک رایگەیاندوو کە ژمارەیەک کەشتی و فڕۆکەی جەنگیان رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و ئەگەر لەگەڵ ئێران نەگەنە رێککەوتن، شتی خراپ روودەدات.