كارەبای 24 كاتژمێری كێشەشی زۆرە
“پارەی مانگانەی كارەبام داوە کەچی واسڵیان نەکردووە”
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
هاوڵاتیانی کوردستان رای جیاوازیان لەسەر كارەبای 24 كاتژمێری و پڕۆژەی رووناكی هەیە، بەشێکیان بەخێر و بەرەکەتی دەزانن و بەشێکیشیان گلەییان لێی هەیە، ئەمڕۆ ژمارەیەک هاوڵاتی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای هەولێر ناڕەزاییان دەربڕی.
سەردار ئەحمەد قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “پارەی کارەبای مانگانەم داوە، بەڵگەشم لایە و تەسویری ئەو کارمەندەشم کردووە کە هاتووە پارەکەی وەرگرتووە، کەچی پارەکەیان واسڵ نەکردووە و پسوڵەی هەمان مانگم بۆ هاتۆتەوە کە نزیکەی 380 هەزار دینارە”.
سەرچیا رەسوڵیش هاوڵاتییەکی ناڕازی دیکەیە و دەڵێت، “لە 16.11.2025 تا 15.12.2025 ملیۆنێک و 465 هەزار و 500 دینار پارەی کارەبام بۆ هاتۆتەوە، بەڵام لە 16.12.2025 بۆ 28.1.2026 سێ ملیۆن و 682 هەزارم بۆ هاتۆتەوە کە دووقات زیاترە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کارمەندانی کارەبا دەڵێن، هەروایە و لە یەک دوو مانگی سەرەتای پڕۆژەی رووناکی داشکانی بۆ کرابوو، بۆیە ئەوکات پارەی کارەبا کەم بوو.
سەرچیا رەسوڵ دەشڵێت، “کێشەمان لە کارەباکە نییە و زۆر باشە، تەنیا کێشەمان لە پسوڵەی کارەبا هەیە کە مانگانە وەک یەک نایەتەوە و جیاوازییەکی زۆری هەیە.
هەر لە بارەی ئەو كێشانەوە كەمال عەساف حوسێن بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێر – كەرتی دوو، بۆ 964 وتی، جیاوازی نرخی پارە هاتنەوە پەیوەستە بە بەكارهێنانی كارەباوە، هەر هاولاتیەك كێشەی هەیە لەگەل بڕی پارەكە، كە وەک یەک نییە، دەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات و ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین لە رێگەی فەرمانبەرانی خۆمانەوە
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری