گەڕەکى نەورۆزى کەرکوک
لە نێوان چەکوشى سوپا و پێداگرى دانیشتوانەکەى
وریا فەتاح
کێشەی گەڕەکی نەورۆز (کە پێشتر بە گەڕەکی حیتیین یان قادسیە ناسرابوو) یەکێکە لە کێشە دیارەکانی پەیوەست بە زەوی و زار لە پارێزگاى کەرکوک، سوپای عێراق (وەزارەتی بەرگری) بانگەشەی ئەوە دەکات کە خانوو و زەوییەکانی ئەم گەڕەکە موڵکی وەزارەتن و دەیەوێت دانیشتوانەکەی کە 150 ماڵى کوردن دەربکات بۆ ئەوەی بیکاتە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەفسەرانی خۆی یان بنکەی سەربازی.
رەگی کێشەکە
سەردەمی بەعس: ئەم گەڕەکە وەک بەشێک لە پرۆسەی تەعریب بۆ ئەفسەرانی سوپا و ئەندامانی حزبی بەعس دروستکرا.
دوای 2003: لەگەڵ رووخانی رژێم، ئەو ئەفسەرانە خانووەکانیان جێهێشت. سەدان خێزانی کوردی ئاوارە و ستەملێکراو بەپێی “یاسای بریمەر” و وەک مافێکی رەوا گەڕانەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون و بۆ ماوەی زیاتر لە 22 ساڵە تێیدا دەژین.
ناکۆکییەکە: وەزارەتی بەرگری بە “موڵکی سەربازی” دەیزانێت، بەڵام کوردەکان وەک کێشەیەکی ناوچە جێناکۆکەکان و “ماددەی 140” سەیری دەکەن کە دەبێت بە یاسا یەکلا بکرێتەوە، نەک بە زەبری چەک.
لوتکەى کێشەکە لە 2024 بوو
لە ساڵی 2024دا، کێشەکە گەیشتە لوتکە کاتێک سوپا هەوڵی چۆڵکردنی زۆرەملێی گەڕەکەکەی دا. هەرچەندە بە دەستوەردانی سەرۆک وەزیران و لایەنە کوردییەکان پرۆسەکە راگیرا، بەڵام:
1. یاسای 2025: پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی “ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش”ی پەسەند کرد، کە بڕبڕە پشتی یاسایی بوو بۆ گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنە ڕەسەنەکان.
2. ئاستەنگەکان: سەرەڕای بوونی یاساکە، دامەزراوە سەربازییەکان بە خاوی مامەڵە دەکەن و هێشتا وەک فشارێکی سیاسی و دیمۆگرافی سوود لە دەسەڵاتەکانیان وەردەگرن.
شوباتى 2026؛ شەوێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ
لە 22ـى شوباتى 2026، جارێکی تر گەڕەکی نەورۆز بووەوە بە مەیدانى ململانێ، لە سیناریۆیەکدا کە زیاتر لە دەستدرێژى دەچێت نەک رێکاری یاسایی، سوپا هەڵیکوتایە سەر ماڵێک، بەڵام بە هەوڵى لایەنە پەیوەندیدارەکان سوپا کشایەوە، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای کشانەوە، هێزەکان گەڕانەوە و ئەمجارە بە ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونە ناو حەوشەی ماڵێکی تر و داوای چۆڵکردنی دەستبەجێ دەکەن، بەڵام خاوەنى ماڵەکە لە ژوورەوە ماوەتەوە و چۆڵى ناکات.