بزانە داهاتیان چەندە؟

زۆرترین گەشتیاری توركیا لە عێراقەوەیە

ئەرسەلان عەبدوڵا

زۆرترین گەشتیار لە عێراقەوە، زیاتر لە هەر وڵاتێكی دیكەی عەرەبی سەردانی توركیایان كردووە لە مانگی رابردوودا، ئەمەش بەپێی داتای وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا.

وەزارەتەکە لە ئامارێکدا ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە، لە ماوەی مانگی 12ی 2025داعێراق لە پلەی یەکەمدایە لە نێوان وڵاتانی عەرەبی لە ژمارەی گەشتیارانی بۆ توركیا، بە 74 هەزار و حەوت گەشتیار، ئەمەش بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024 زیادیکردووە، کە 70 هەزار و 75 گەشتیاریان بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها زیاترە لە هەمان ماوەی ساڵی 2023، کە 64 هەزار و 185 گەشتیاریان تۆمارکردووە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، سعودیە بە 46 هەزار و 451 گەشتیار پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، جەزائیر بە 35 هەزار و 618 گەشتیار لە پلەی سێیەم دێت، هەروەها میسر بە 21 هەزار و 143 گەشتیار لە پلەی چوارەمدایە، لوبنان بە 19 هەزار و 605 گەشتیار لە پلەی پێنجەمدایە، مەغریبیش بە 18 هەزار و 018 گەشتیار پلەی شەشەمی بەدەستهێناوە.

پەیمانگای ئاماری تورکیا رۆژی هەینی ڕایگەیاند داهاتی گەشتیاری لە تورکیا بە رێژەی 6.8% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 65.23 ملیار دۆلار لە ساڵی 2025، ئەمەش دوای ئەوەی لە چارەگی چوارەمی ساڵدا نزیکەی 10% زیادی كرووە، لە چارەکی کۆتاییشدا داهاتەکانی بە رژەی 9.9% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 15.15 ملیار دۆلار.