لیندسی گراهام، سیناتۆری دیاری ئەمریکا
هۆشداریی توند دەدات
لیندسی گراهام یاسای “پاراستنی کوردان”ـی پێشکەشى کۆنگرێس کرد
وریا فەتاح
لیندسی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان، رایگەیاند کە بە فەرمی پڕۆژەیاسای “پاراستنی کوردان” (Save the Kurds Act)ـی لەگەڵ سیناتۆر بلومێنتاڵ پێشکەش بە کۆنگرێس کردووە.
گراهام لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (X) ئاماژەی بەوە کردووە، پشتگیرییەکی بەهێزی هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکرات بۆ ئەم پڕۆژەیە هەیە، چونکە کورد هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
لیندسی گراهام دەڵێت: “هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە کورد پێکهاتەیەکی سەرەکییەتی، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا، ئەرکی سەرەکی و قورسی شەڕی تێکشکاندنی داعشیان لە ئەستۆ گرتووە.”
ئەو سیناتۆرە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی نەیارانی کورد کردووە و نووسیویەتی: “بۆ ئەو وڵات و گروپانەی وا دەزانن وەرزی هێرشکردنە سەر کوردان لە سووریا بێ ئەنجام و لێپرسینەوە دەبێت، زۆر بە هەڵەدا چوون.”
گراهام جەختی لەوەش کردووەتەوە، هەر هێرشێک بۆ سەر کوردەکان، جگە لەوەی ناوبانگی ئەمریکا لە جیهاندا لەکەدار دەکات، دەبێتە رێگرییەکیش لەبەردەم گەشەکردنی سووریا وەک وڵات.