بابەتەکە رۆژئاوای کوردستانە
لە بەریتانیا رەوەندی کوردی نامەیەک ئامادە دەکەن بۆ سەرۆک وەزیران
فەرهاد حەسەن
سەرباز بەرزنجی، کەسایەتی ناسراوی کورد لە بەریتانیا بانگەوازێکی بە پەلە بۆ گەلی کورد لەو وڵاتە بڵاوکردووەتەوە و پێیان دەڵێت “کاتی یەکگرتن و هەڵوێست وەرگرتنە” بۆ پشیگیریکردنی رۆژئاوای کوردستان و دەشیانەوێت بۆ ئەم مەبەستە نامەیەک بۆ سەرۆ وەزیرانی بەریتانیا بنێرن.
لە بانگەوازەکەدا هاتووە، بارودۆخی خوشک و برایانمان لە رۆژئاوا بە خێرایی بەرەو خراپتربوون دەچێت، هاووڵاتیانی مەدەنی ماڵەکانیان لەدەست دەدەن، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان رووبەڕووی هێرش دەبنەوە، و خەڵک لە بارودۆخێکی مەترسیداردا بۆ مانەوە لە ژیان تێدەکۆشن.
دەشڵێت “ئێستا کاتی ئەوەیە رەوەندی کوردی لە بەریتانیا یەکبگرن، دەنگی ئێمە دەتوانێت کاریگەری لەسەر حکومەت و رای گشتی بەریتانیا هەبێت بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت”.
ئەمڕۆ واژۆ لەسەر ئەم نامەیە بکە نامەکە راستەوخۆ دەیگەینینە نووسینگەی سەرۆک وەزیران بۆ داواکردنی پاراستنی بەپەلە، هاوکاری مرۆیی و لێپرسینەوە لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوچەکە.
ئێمە لەسەر خەتین و لە پەیوەندیداین لەگەڵ حکومەت و بەرپرسانی بەریتانیا و هەموو هەوڵەکانمان چڕکردۆتەوە بەڵام کە پشتیوانی شەقام و گەلی کوردمان هەبێت کاریگەری زیاتر دەبێت.
بەستەری فۆرمەکە لێرەیە:
https://docs.google.com/…/14vE2PHQjYy…/edit
داواش لە کوردانی بەریتانیا کراوە، ئەم پۆستە لەگەڵ هاوڕێیان، خێزان و دەوروبەریان بڵاوبکەنەوە، هەر واژۆیەک گرنگی خۆی هەیە.
سەرباز بەرزنجی، رۆژی 28.4.2023 وەك سەرۆكی شارەوانی لەندەن لامبس لە بەریتانیا دەستبەكاربوو، ئەمە یەكەمجار بوو كوردێك بگاتە ئەو پۆستە و لە رێوڕەسمی دەستبەكاربوونیشیدا، نوێنەری چارلسی سێیەم و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی لەندەن و بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا ئامادەبوون.