کۆی گشتی گەیشتە 299 کەس
لە زیندانەکانی لێبیاوە بۆ هەرێم؛ 97 گەنجی دیکە گەڕێندرانەوە
وریا فەتاح
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، شەشەمین کاروانی کۆچبەرانی کوردی لە وڵاتی لێبیاوە گەڕاندەوە، کە پێکهاتبوون لە 97 گەنج و زۆرینەیان خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕینن.
ئەم گەنجانە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ کۆچی نایاسایی بەرەو ئەوروپا، لە لێبیا دەستگیرکرابوون، گەڕاندنەوەیان لە رێگەی لێژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لێبیا.
ئامارەکان:
کاروانی ئەمڕۆ: 97 گەنج (زۆرینە دانیشتووی ڕاپەڕین و پشدەر).
کاروانی دوێنێ: 100 کۆچبەر گەڕێندرانەوە.
کۆی گشتیی رزگارکراوان: تا ئێستا 299 کۆچبەر لە لێبیاوە گەڕێندراونەتەوە هەرێم.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حکومەت، هەندێک لەم گەنجانە بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکانی لێبیادا بوون و لەو ماوەیەدا رووبەڕووی بارودۆخێکی تەندروستی و مرۆیی زۆر سەخت و مەترسیی مردن بوونەتەوە.
حکومەتی هەرێم ئاشکرای کردووە، کە ئێستا تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ناو خاکی لێبیان و بەردەوامن لە گەڕان و رزگارکردنی ئەو کۆچبەرە کوردانەی تری کە هێشتا لەوێ ماون.