ئەمساڵ شۆفێران بەسەر شەقامە سەد مەترییەکەی سلێمانیدا ناڕۆن

میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی

 ئەگەرچی وا بڕیار بوو قۆناغی یەکەمی شەقامە سەدمەترییەکەی سلێمانی لەمساڵدا تەواو ببێت، بەڵام هێشتا ٤٦٪ـی پڕۆژەکە تەواو بووە و دڵنییاییش دەدرێت ئەمساڵ شەقامەکە تەواو ناکرێت.

شەقامی سەدمەتریی سلێمانی لە ساڵی ٢٠١١١ بە گوژمەی ٤٧٠ ملیار دینار بۆ قۆناغی یەکەم بە درێژیی ٣٢ کیلۆمەتر بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە، لە ساڵی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دادنرا و کارەکە نەکرا، دواتر  لە ساڵی ٢٠٢٠ جارێکی تر بەردی بناغەی داندرایەوە و وا بڕیارە بە سێ قۆناغ شەقامەکە لە لایەن کۆمپانیای قەیوانەوە دروست بکرێت.

ڕەمەزان نامیق کەریم، سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند: پڕۆژەکە بەهۆی سستی لە خەرجکردنی بوودجەوە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە وەک پێویست کاری تێدا ناکرێت و تا ئێستا ٤٦٪ـی پڕۆژەکە تەواو بووە و ئەمساڵیش تەواو ناکرێت.

قۆناغی یەکەم ٨ یەكتربڕی تێدایە ٦٠ ئاوبڕی سندووقی‌ و چەندین بڕگەی تەواوكاری لە خۆی دەگرێت. ئەم قۆناغە لە تاسڵوجەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بازگەی عەربەت‌ و بە گرنگترین بەشی پرۆژەكە دادەنرێت.

” چەندین زیادەڕەویی جۆراوجۆر لەناوچەی تاسڵوجە و تانجەرۆ  لەبەردەم پڕۆژەکەدا هەیە و تا ئێستا لانەدراون و ڕێگرن لە بەردەم پڕۆژەکە”، ڕەمەزان نامیق وای وت.