خەڵک لە چەند ناوچەیەک گردبوونەوە
پایتەخت بەرخۆدانی رۆژئاڤای وەک هۆکاری مانەوە وەسفکرد
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە هەولێر، چین و توێژە جیاوازەکان گردبوونەوەیان کرد، لە یەک کاتدا لە سێ شوێن، لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمریکا و لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و خەڵکانێکی دیکەش چوبوونە، لای قەڵا.
وا چەند رۆژێکە شەڕڤانان لە رۆژئاوای کوردستان، بەرگری لە خاکی خۆیان و ئەو ناوچانە دەکەن، کە لە تیرۆر پاکیان کردووەتەوە، بەڵام هێرشی داگیرکاری سوپای عەرەبی سوریا بۆ ناو پارێزگای حەسەکە، نیگەرانی و ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان لێ کەوتووەتەوە.
لە نوێترین گۆڕانکاری، ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی گشتیی هەسەدە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، ئەوان پابەندی ئەو لێکتێگەیشتنە دەبن کە لەگەڵ دیمەشق ئەنجامدراوە و دەڵێن، پێشپێشکی بۆ هیچ کارێکی سەربازی ناکەین، مەگەر ئەوەی هێزەکانمان رووبەڕووی هێرش ببنەوە.
پێشتر، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڕیاری کشانەوەی لە ناو کەمپی “هۆل” راگەیاندووە و هۆکارەکەشی بۆ “بێباکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی” بەرامبەر مەترسییەکانی داعش دەگێڕێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لە چارەسەرکردنی دۆسیەی داعش هەڵناگرێت، هێزەکانیان ناچار بوون لە ناو کەمپی هۆل پاشەکشە بکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا