چەند كۆچبەرێك بە بەلەمێكی بچووك لە ئاوی لیبیا... فۆتۆ: ئاژانسەكان
كارڕاپەڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا:
173 كۆچبەر لە لیبیا لە 21 و 22ی ئەم مانگە دەگەڕێنەوە عێراق
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
كارڕاپەڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئەحمەد سەحاف رایگەیاند، لە رۆژانی 21 و 22 بە دوو فڕۆكە 173 كۆچبەر دەگەڕێندرێنەوە عێراق، كە بە نایاسایی چووبوونە لیبیا، ئاماژە بە رۆڵی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی كوردستانیش دەكەن، كە رۆڵیان لە گەڕاندنەوەی كۆچبەرانی كورد هەیە.
باڵیۆزخانەكەی عێراق لە لیبیا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “حکومەتی عێراق پاڵپشتی ئاسمانی تەرخانکردووە بە بەکارهێنانی دوو فڕۆکەی C-130 بۆ گەڕاندنەوەی 173 کۆچبەری عێراقی لە رۆژانی 21 و 22ی ئەم مانگەدا، ئەو کۆچبەرانە بە شێوەیەکی نایاسایی چووبوونە ناو خاکی لیبیا”.
ئاماژەیان بەوەش کرد، “سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی پاڵپشتی ئاسمانی بۆ گەڕاندنەوەی خۆبەخشانەی کۆچبەرانی عێراقی لە لیبیا”.
“باڵیۆزخانە هەموو رێکخستنە یاسایی و رێکارەکانی بۆ گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە تەواو کردووە کە بوونەتە قوربانی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و قاچاخچێتی”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.
هەروەها دەڵێن، “باڵیۆزخانەی عێراق لە ماوەی مانەوەی ئێستایان لە سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری نایاسایی لە تەرابلوس، خۆراک و دەرمان و جێگەی نووستن و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەی بۆ کۆچبەران دابین کردووە”.
باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دووپاتی کردەوە، کە “ئەو هەوڵانە دەستپێشخەریی باڵیۆزخانەكەیان بووە لیبیا و سەعات بە سەعات لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە هەرێمی کوردستان بەدواداچوونیان بۆ کراوە”.
تا ئێستا بە سەدان كۆچبەری كورد و عێراقی لە لیبیا دەستگیركراون، كە رێگەی ئاوەكانی لیبیا بەكار دەهێنن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، بەڵام لەوێ دەستگیركراون و پێشتریش بە دەیانی دیكەیان دەستگیركراون و بە هەوڵەكانی حكومەتی عێراق و حكومەتی كوردستان دەگەڕێندرێنەوە، كە بەشێك لەوانە دەكەونە دەست گرووپە چەكداری و مافیاییەكان و بەرامبەر پارەی زۆر ئازادیان دەكەن.