ئیدارەی خۆسەر: مافی کورد تەنیا بە دەستووری هەمیشەیی مسۆگەر دەبێت نەک بە مەرسوومی کاتی
ئیدارەی خۆسەر:
“مافی کورد تەنیا بە دەستووری هەمیشەیی مسۆگەر دەبێت نەک بە مەرسوومی کاتی”
964+
شۆڕش قادری
ئیدارەی خۆسەر لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی سەرۆکی کاتی سوریای دایەوە و دەڵێت، مافی کورد تەنیا بە دەستووری هەمیشەیی مسۆگەر دەبێت نەک بە مەرسوومی کاتی.
راگەیەنراوەکە چەند خاڵێک لەخۆ دەگرێت و گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن؛
- ئیدارەی خۆسەر پێی وایە مەرسوومە کاتییەکان جێگەی دەستوور ناگرنەوە و دەبێت مافەکان لە دەستوورێکی دیموکراتیدا جێگیر بکرێن کە رەنگدانەوەی ویستی هەموو گەلان بێت.
- بە ئاماژەدان بە “گرێبەستی کۆمەڵایەتی”، داوای داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراتی و فرەیی کراوە کە پارێزگاری لە هەمەجۆریی نەتەوەیی و ئاینیی سوریا بکات وەک سەرچاوەی هێزی وڵات.
- ئەم جۆرە هەنگاوانە لە ئاستی ئاوات و قوربانییەکانی گەلی سوریادا نین کە ساڵانێکی زۆرە بۆ دەوڵەتێکی دادپەروەر و یەکسان تێدەکۆشن.
- ئیدارەی خۆسەر جەخت دەکاتەوە کە تاکە رێگە بۆ چارەسەری ریشەیی، ئەنجامدانی “گفتوگۆی نیشتمانیی گشتگیر و بونیادنانی دەوڵەتێکی نامەرکەزییە” کە تێیدا مافی هاوڵاتیبوون و شەراکەتی راستەقینە بۆ هەمووان مسۆگەر بێت.
ئەم راگەیەنراوەی ئیدارەی خۆسەر دوای ئەوە دێت کە شەوی رابردوو ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی و قۆناغی راگوزەری سوریا مەرسوومێکی تایبەت بە گەلی کورد لە سوریا دەرکرد و رایگەیاند، “هەر كەسێك زیان بە ئێوە بگەیەنێت دوژمنی ئێمەیە”.