لە ماوەی مانگی رەمەزاندا

عێراق مەشروب خواردنەوە و “خواردن بە ئاشکرا”ی لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە کرد

فەرهاد حەسەن

عێراق لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە رێکارەکانی بۆ مانگی رەمەزان راگەیاند و بەپێی راگەیەندراوێکی وەزیری ناوخۆش کڕین و فرۆشتن و خواردنەوەی مەشروب (کهول) و “خواردن بە ئاشکرا لە شوێنە گشتییەکانی قەدەغە کرد.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بە پشتبەستن بە ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی بۆ پاراستنی سستمی گشتی و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هەموو هاوڵاتیان و ئەو بیانیانەی دانیشتووی عێراقن، دەکات کە رەچاوی پیرۆزی مانگی رەمەزان بکەن و رێز لە سیما تایبەتەکەی بگرن .

لەو رێکارانە بە توندی ئەوە قەدەغە کراوە کە بە ئاشکرا خواردن لە شوێنە گشتییەکان لە کاتژمێرەکانی رەمەزاندا بخورێت، چونکە دەڵێت “ئەمە رۆژووگران توڕە دەکات و پێشێلکردنی پیرۆزی ئەم مانگەیە”.

قەدەغەکردنەکەی ئەم رێکارەی سەرەوە بەبێ جیاوازی هەموو کەسێک دەگرێتەوە، جا هاوڵاتی عێراقی بێت چ ئحەوانەش بیانین و دانیشتووی عێراقن.

فرۆشتن و دابەشکردن و خواردنەوەی هەموو جۆرە خواردنەوە کهولیەکان لە مانگی رەمەزاندا قەدەغەیە، سەرجەم دوکانەکانی خواردنەوە کهولیەکان بە داخراوی دەمێننەوە، جگە لەوەش، چێشتخانە و کافێ و قاوەخانە و یانە کۆمەڵایەتییەکانی هۆتێل و ئەو شوێنانەی خواردن و خواردنەوە پێشکەش دەکەن لە کاتی رۆژوودا دادەخرێن، جگە لەوانەی مۆڵەتی فەرمییان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەیە.

ئاماژە بەوە کراوە، وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، دەزگاکانی حکومەت، و حکومەتە خۆجێیەکان لە سەرجەم پارێزگاکان سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەم رێکارانە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەکات و دووپاتیشدەکاتەوە کە سەرپێچیکردن تاوانباران دەخاتە بەر رێکاری یاسایی بەپێی مادەی (1)ی یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (20)ی ساڵی 2016، هەروەها بەپێی بڕگەکانی مادەکانی (2) و (3)ی هەمان یاسا.