بێنەوایەک لە سلێمانى
سکى برسى ژمارەیەکى تریش تێرکرا
لە شەوێکی ساردی سلێمانیدا؛ خێزانێک و دوو بێلانە لە سەرما رزگارکران
964+
وریا فەتاح
تیمەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی لە یەکەم شەوی “چلەی زستان”دا، هەڵمەتێکی مەیدانییان بۆ ناو بازاڕ و شەقامەکانی شار دەستپێکرد و توانییان ژیانی خێزانێک و دوو کەسی بێلانە لە سەرما بپارێزن.
لەگەڵ دەستپێکی یەکەم شەوی چلەی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما، شەوی پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ ناو بازاڕ و شەقامەکانی شاری سلێمانی ئەنجامدا، ئەم هەڵمەتە کە تا درەنگانێکی شەو بەردەوام بوو، ئامانجی بەهاناوەچوونی ئەو بێلانە و منداڵە ئیشکەرانە بوو کە بەهۆی سەرماوە ژیانیان لە مەترسیدا بوو.
وەک ئەوەى چاودێرى کۆمەڵایەتى بڵاوى کردووەتەوە، لە ئەنجامى گەڕان و پشکنینی وردی شوێنە گشتییەکان، تیمەکە توانییان خێزانێک و دوو کەسی بێلانە کە لە بارودۆخێکی زۆر ناهەمواردا بوون رزگار بکەن و دەستبەجێ شوێنی مانەوەی گونجاویان بۆ دابین بکەن.
هاوکات لە لایەن تیمەکەوە خزمەتگوزاری تەندروستی و ژەمە خواردن و هاوکاری پێویست پێشکەش بە ژمارەیەک کەسی تری سەر شەقامەکان کرا.
بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی جەخت دەکاتەوە کە تیمەکانیان بە شێوەیەکی بەردەوام شەوانە لە گەڕەک و کۆڵانەکاندا دەبن بۆ چاودێریکردنی بێلانەکان و گواستنەوەیان بۆ شوێنە تایبەتەکانی داڵدەدان.