بێزار بوون

شارەوانی حاجیاوا: وێنەی ئەو کەسانەمان بۆ بنێرن کە شار پیس دەکەن

964+

وریا فەتاح

سەرۆکایەتی شارەوانی حاجیاوا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، نیگەرانییەکی قووڵی خۆی لەبارەی دووبارە پیسکردنەوەی ژینگەی شارەکە راگەیاند و دەڵێت، سەرەڕای پاککردنەوەی بەردەوام، کەسانێک هەن “بێباکانە” پاشماوە و خۆڵ فڕێ دەدەنە سەر شەقامەکان.

لە راگەیەندراوێکى شارەوانییەکەدا هاتووە، تیمەکانیان بە هەماهەنگی کۆمپانیای (بیڤان) چەندین شوێنیان دووبارە خاوێن کردووەتەوە، بەڵام هەندێک کەس بەبێ ویژدانانە دووبارە پیسی دەکەنەوە، شارەوانی دەڵێت: “ئەوانەی شار ناشرین دەکەن بە هاوشارییان نازانین، بەڵکو ئەوانە دوژمنی جوانیی شارەکەن.”

شارەوانی حاجیاوا داوایەکی بەپەلە ئاراستەی دانیشتووانی شارەکە دەکات بۆ ئەوەی رێگری لەم دیاردەیە بکەن:

1.  ئەگەر بینیتان بارهەڵگرێک یان هەر کەسێک پاشماوە لە شوێنی رێگەنەدراو فڕێ دەدات، بە مۆبایلەکانتان وێنەی بگرن.

2.  ئەگەر لەبەردەم ماڵەکانتان کامێرای چاودێری هەیە و وێنەی ئەو کەسانەی تێدایە کە ژینگە پیس دەکەن، وێنە یان ڤیدیۆکە بۆ شارەوانی بنێرن.

شارەوانی جەخت دەکاتەوە کە هەر کەسێک وێنەی بێت، لێپرسینەوەی توندی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و دەکرێتە “رەمزی سزا” بۆ ئەوەی کەسی تر کاری وا دووبارە نەکاتەوە، چونکە بۆنی پیسی ئەو پاشماوانە ئازاری هەموو دانیشتووانی گەڕەکەکان دەدات.