په‌یوه‌ندیه‌كانی واشنتن و بەغدا به‌هێزه‌

مارک ساڤایا؛ پێداچونەوە بەتۆمارە گومانلێکراوەکانی پارەدان لە عێراق دەکەین

فەرهاد حەسەن

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق دەڵێت، په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق به‌هێزه‌ و بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ کۆنگرێس بەدەستی هێناوە، پێداچونەوە بەتۆمارە گومانلێکراوەکانی پارەدان لە عێراق دەکەن.

مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی X بڵاویکردووەتەوە، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەسەردەمی سەرۆک دۆناڵد تره‌مپدا، هیچکات لەوە بەهێزتر نەبووە کە ئەمڕۆ هەیە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکەی کۆبووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە سەرەکییەکان و دەرفەتەکانی چاکسازی لە سەرانسەری هەردوو بانکی خاوەندارێتی دەوڵەت و تایبەت.

دەڵێت “رێککەوتین لەسەر ئەنجامدانی پێداچونەوەیەکی گشتگیر بەتۆمارە گومانلێکراوەکانی پارەدان و مامەڵە داراییەکان کە دامەزراوەو کۆمپانیاو کەسانی عێراق بەشدارن کە پەیوەندییان بەقاچاغچێتی و سپیکردنەوەی پارەو گرێبەست و پڕۆژە داراییە ساختەکانەوە هەیە”.

پێشتریش ساڤایا جەختی لەسەر رەتکردنەوەی واشنتن لە بونی هەر گروپێکی چەکدار کرده‌وه‌ کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق کاردەکەن، له‌نێویاندا گروپه‌كانی نزیك له‌ ئێران و حکومەتی عێراقیش پێشوازی لەوە کرد.