"ئەم تاوانە بەئاسانی بەسەرناچێت"

ئیدارەی خۆسەری لەسەر فڕێدانی تەرمی کچە شەرڤانەکەی شێخ مەقسوود هاتەدەنگ

فەرهاد حەسەن

ئیدارەی خۆسەری، لەسەر فڕێدانی تەرمی کچە شەرڤانەکەی شێخ مەقسوود هاتەدەنگ و دووپاتی دەکاتەوە کە “ئەم تاوانە بەئاسانی بەسەرناچێت” و ئەم کارەش لە ئیرادەی ژنان کەم ناکەنەوە.

ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا رۆڵی ژنان لە بەرگریکردن لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بە پێشەنگ ناودەبات لە بەرخۆدان و بەرگریکردن لە کەرامەتی مرۆڤایەتی و وەستانەوە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ستەم و توندوتیژی سیستماتیکیدا گێڕاوە.

ئاماژەی بەوەکردووە، ژنانی ئەم دوو گەڕەکە نموونەی مۆدێلێکی سەرنجڕاکێشی قوربانیدان و خۆڕاگرییان نیشانداوە، نەک تەنیا لە رێگەی خۆڕاگری رۆژانەیان لە بەرامبەر گەمارۆ و پێشێلکارییەکان، بەڵکو لە رێگەی بەشداری چالاکانەیان لە پاراستنی کۆمەڵگاکەیان و بەرگریکردن لە بەها مرۆییەکان و پێکەوەژیان.

بە توندترین شێوەش، ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەونە دەکات کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاندووە و دەڵێت “فڕێدانی جەستەی ئەو خۆڕاگر و قارەمانە، کە مردنەکەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا گیراوە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوەک دەردەکەوێت گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دوای کۆچی دوایی تەرمی ئەو کچەیان لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە فڕێدا، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرایە بۆ هەموو بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان و هەموو رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان کە تەنانەت دوای مردنیش کەرامەتی مرۆڤ دەپارێزن”.

روونیکردووەتەوە، ئەم کارانە بە هیچ بیانوویەک ناتوانرێت پاساویان بۆ بهێندرێتەوە، ئاستێکی مەترسیدارە لە بێبایەخکردنی ژیانی مرۆڤ و هەوڵدانە بۆ شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگا لە رێگەی تیرۆر و زەلیلکردنەوە.

بەڕێوەبەری خۆسەری، نیگەرانی قووڵی خۆی بۆ ئەم کارە نامرۆڤانە دەردەبڕێت و بە تووندی ئیدانەی دەکات و ئەمە بە پێشێلکردنی روونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دەزانێت، چونکە پاراستنی گیانی زیندانییەکان و مسۆگەرکردنی مامەڵەکردنیان بە کەرامەت و رێزەوە گەرەنتی دەکات.

دووپاتی دەکاتەوە، ئەم جۆرە زەلیلکردنەی زیندانییەکان تاوانەو بە ئاسانی بەسەرناچێت و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی سەربەخۆ و لێپێچینەوە لە بەرپرسان هەیە.

لە کۆتاییشدا سڵاو لە خۆڕاگری ژنان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەنێرێت، کە دوو ژنە ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری حەلەب دوای بەرخۆدانێکی مێژوویی و ئەفسانەیی شەهید بوون و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت و دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەم تاوانانە لە ئیرادەی ژنان کەم ناکەنەوە، بەڵکو پابەندبوونی گەلەکەمان بە مافە رەواکانی ئازادی و دادپەروەری و ژیان بە کەرامەتەوە زیاتر دەکات.