"کارگەکە دوێنی کراوەتەوە"

لە خاڵس بەهۆی دزەکردنی غازەوە دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

بەهۆی دزەکردنی غازەوە لەنێو کارگەیەکی تایبەتی قیر لە قەزای خاڵس دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 10کرێکاری دیکەش رەوانەی نەخۆشخانە کراون، ئەوەی جێی سەرنجە کارگەکە دوێنێ کراوەتەوە و ئەمڕۆ ئەو کارەساتە روویداوە.

عەمید هەیسەم شەمەری، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دیالە بە 964ـی وت، کرێکارەکانی نێو کارگەکە ئەمڕۆ دەستبەکاربوون، بەو پێیەی کارگەکە دوێنی کراوەتەوەو ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دەستبەکاربونیان بووە، بەهۆی هەڵەی تەکنیکی و زیادبوونی پەستان لە سیستەمی گواستنەوەدا غازی ئەمۆنیا، کرێکاران تووشی تەنگە نەفەسی بوون و  بەهۆیەوە دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا.

وتیشی، لە لایەن پۆلیس و تیمەکانی بەرگری شارستانی، توانرا 19 کرێکاری دیکە رزگار بکەن و بەشێک لەو کرێکارانە بەهۆی هەڵمژینی غازەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون رەوانەی نەخۆشخانە کراون بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ ئەنجام بدرێت.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، کارگەکە ناوی “روسل ئەلخەیرە” گارگەیەکی ئەهلی قیرە، دوێنی کراوەتەوە و ئەمشەو ئەو روداوەی لێکەوتەوە، لەئێستادا پۆلیس و تیمەکانی بەرگری شارستانی لەهەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەن و لێکوڵینەوەش لەرووداوەکە دەستیپێکردووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی