هەولێر
دوای مانگێک 11 گۆڕە شێوێندراوەکەی گۆڕستانی سەید مەعروف هەر وەک خۆیەتی
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
دوای تێپەڕینی مانگێک بەسەر شکاندن و شێواندنی ئەو 11 گۆڕەی کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە گۆڕستانی سەید مەعروف لە هەولێر ئەنجامدرابوو، کێل و گۆڕە شکاوەکان هەروەک خۆیان بە شکاوی ماونەتەوە و هیچ کەسێک نەچووە بەلایانەوە.
حەوت مانگ پێش ئێستاش هەمان ئەم گۆڕستانە شێوێندرابوو، بەڵام ئەوکات چاککرایەوە.
پەیامنێری 964 سەردانی گۆڕستانەکەی کردووە و دەبینێت 11 گۆڕە شکاوەکە تا ئێستا چاکنەکراونەتەوە و بە پێی تێبینییەکانیش یەکێک لەو 11 گۆڕە هی ئەو کەسەیە، کە گۆڕستانەکەی بەناوە.
ماوەیەكە شێواندنی گۆڕستانەکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەبیندرێن، جگە لەو گۆرستانەی سەید مەعروف کە دوو جار شێوێندراوە، لە گوندی هەرمۆتەی مەسیحینشینیش لە کۆیە، گۆڕستانێکی کریستیانەکان شێوێندرا و دواتریش شێواندنی گۆڕستانەکانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر و گۆڕستانێکی کریستانییەکان لە شەقڵاوەی بەدواداهات، کە تا ئێستا تەنیا بکەری گۆڕستانەکەی شەقڵاوە دەستگیر کراوە و ئەوانەی دیکە نازاندرێت کێن ئەم کارانەیان کردووە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن