ئەوقاف داهاتی ساڵانەی بۆ سێ هێندە بەرز دەکاتەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی رێکخستنەوەی موڵکەکانی داهاتی ساڵانەی سێ هێندە زیاد دەکات.
تۆڕی 964 دەزانێت وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێم خاوەنی 6 هەزار و 661 موڵکی جۆراوجۆرە، کە هۆتێل و بەنزینخانە و گەراج و زەوی و دوکانیان تێدایە.
ئێستا وەزارەتەکە لە رێگەی لیژنەیەوە پێداچوونەوە بە کرێی موڵکەکانیدا دەکات و هاوکات ئەو موڵکانەش دەگەڕێنێتەوە، کە هی وەزارەتی ئەوقافن و زیادەڕۆییان کراوەتە سەر.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: “لیژنەکە کرێی رێکخستووەتەوە بە جۆرێک لە بەرژوەندیی کرێچی و وەزارەتی ئەوقاف بێت.
تۆڕی 964 دەزانێت، داهاتی ساڵانەی وەزارەتی ئەوقاف 2 ملیار دینار بووە، “بەڵام دوای ئەو گۆڕانکارییانە داهاتەکەی دەبێتە 6 ملیار دیناری ساڵانە”.
دەشڵێت، موڵکی ئەوقاف هەیە کرێیەکەی 1 ملیۆن دیناری مانگانەیە، لە کاتێکدا ئێستا 5 ملیۆن دینار دەکات.
“ئەو موڵکانەشی بۆ پەنجا ساڵ و زیاتر دراون بە خەڵک بۆ 25 ساڵ و کەمتر کەمکراونەوە و کرێکانیشیان گۆڕانکارییان تێدا کراوە”، نەبەز ئیسماعیل وای وت.