مۆبایلەکەی لە گەڕەکێکی تر دۆزرایەوە

مێردمنداڵێکى 15 ساڵ لە کەرکوک بێسەروشوێنە

964+

کاروان ساڵحى- کەرکوک

سابت مەحمود، کەمێردمنداڵێکى تەمەن 15 ساڵ و قوتابی پۆلی سێی ناوەندییە، لە درەنگانی شەوی هەینی 2ـی ئەم مانگەوە لە شوقەکانی کۆمپانیای غازی باکوور لە گەڕەکی واستی شاری کەرکوک چووەتە دەرەوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە.

خێزانەکەی دوای ئەوەی پەیوەندییان بە ژمارەی مۆبایلەکەیەوە کردووە، کەسێکی تر وەڵامی داونەتەوە و پێی راگەیاندوون کە مۆبایلەکەی لە نێوان گەڕەکی دۆمیز و کۆبانی دۆزیوەتەوە، ئەمەش ترسی لای کەسوکارەکەی دروست کردووە کە نەکا تووشی رووداوێکی نەخوازراو بووبێت.

مستەفا حوسێن، خاڵی سابت بۆ 964 باسی لەوە کردووە کە برازاکەی هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبووە، بەڵام ماوەیەکە فێری جگەرەکێشان ببوو و باوکی چەندین جار ئاگاداری کردبووەوە کە درەنگانی شەو بۆ ئەو مەبەستە نەچێتە دەرەوە.

خێزانی سابت کە بە نەتەوە عەرەبن، لە ساڵی 2014ـوە بەهۆی شەڕی داعشەوە لە دووزخورماتووەوە ئاوارەی کەرکوک بوون و باوکی سابتیش تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بووە،بەهۆی ونبوونی کوڕەکەشیەوە باری تەندروستی زۆر خراپ بووە.

لە ئێستادا دەزگا ئەمنییەکان و پۆلیسی کەرکوک لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە و پشکنین بۆ کامێراکانی چاودێری ناوچەکە دەستیپێکردووە، بەڵام بە وتەی خێزانەکەی، تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە و هاوڕێکانیشی دەڵێن لەو شەوەوە نەیانبینیوە.

سابت لە خێزانێکە کە لە سێ برا و چوار خوشک پێکهاتوون و ئێستا هەموویان چاوەڕێی هەواڵێکی کوڕەکەیانن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

گەنجێکی سۆران ماوەی چوار رۆژە لەماڵ چوەتەدەر و بێ سۆرا...

گەنجێکی سۆران ماوەی چوار رۆژە لەماڵ چوەتەدەر و بێ سۆراغە