ئاگربەست درێژکرایەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتە نزیکەی 100 کەس

حەلەب؛ سێ رۆژ شەڕ 43 کوژراوی لێکەوتەوە

964+
ژێوار خدر

دوای سێ رۆژ شەڕ و پێکدادانەکانی حەلەبی سووریا، کە لەنێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی و هێزە کوردییەکاندا بوو، کۆتاییان هات و ئاگربەست بۆ ماوەیەکی دیکە درێژکرایەوە.

بەپێی ئامارەکان، بەهۆی ئەو پێکدادانانەوە 43 کەس گیانیان لەدەستداوە و 98 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێستا هێزەکانی حکومەت گەڕەکی ئەشرەفیەیان بەتەواوی کۆنترۆڵ کردووە و هێمنی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە پێش دەستپێکردنی ئاگربەست، هەشت هاوڵاتی مەدەنی گیانیان سپاردووە و 10ی دیکەش بریندار بوون، بەمەش ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی لەم چەند رۆژەدا گیانیان سپاردووە، گەیشتە 25 کەس، کە لەنێویاندا حەوت ژن و پێنج منداڵ هەن، هاوکات 10 سەربازی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریاش لە بەرەکانی جەنگدا کوژراون و رێژەی بریندارەکانیش رووی لە زیادبوون کردووە.

لە ئێستادا دۆخی حەلەب جێگیرە و هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی دوای سێ رۆژ لە شەڕی بەردەوام، دەستیان بەسەر گەڕەکی ئەشرەفیەدا گرتووە. درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەش وەک هەنگاوێکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی کە بە نێوەندگیریی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی و نێودەوڵەتی ئیمزا کراوە، تاوەکو رێگری لە دووبارەبوونەوەی پێکدادانەکان و زیادبوونی زیانی گیانی لە ناو شارەکەدا بگیرێت و زەمینە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە سیاسییەکان ساز بکرێت.

ئاگربەست لە حەلەب راگەیەندرا

ئاگربەست لە حەلەب راگەیەندرا