هەردوو سایدی شەقامەکە هەڵکەندراون

هەڵەبجە؛ شەقامی بەردەم نەخۆشخانەی عەنەب داخرا

ژێوار خدر

بەهۆی دەستپێکردنی کارەکانی پڕۆژەی بەردەم نەخۆشخانەی عەنەب لە پارێزگای هەڵەبجە، هەردوو سایدی شەقامی سەرەکی بەردەم نەخۆشخانەکە بەڕووی شۆفێراندا داخران و لە ئێستادا کاری هەڵکەندنی تێدا دەکرێت.

پاریزگای هەڵەبجە ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەهۆی کارکردنی تیمەکان لە پڕۆژەکەدا، هاتوچۆ لەو شەقامەدا راگیراوە، داخستنەکە بە مەبەستی خێراکردنی کارەکان و پاراستنی سەلامەتی شۆفێرانە لەو شوێنەی کە کاری هەڵکەندنی تێدا ئەنجام دەدرێت.

داواش لە شۆفێران دەکرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر رووداوێکی نەخوازراو و دروستنەبوونی جەنجاڵی، رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن و پابەندی رێنماییەکان بن تا ئەو کاتەی کارەکانی پڕۆژەکە لەو شەقامەدا کۆتایی دێت.