یەکێکیان ویستوویەتی براکەی رزگار بکات و هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە
سەڵاحەدین؛ دوو برا لە ئاودا خنکان
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەزای عەلەمی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، دوو برای تەمەن چوار و پێنج ساڵان لە کاتی یاریکردندا لە نزیک سەرچاوەیەکی ئاو، کەوتنە نێو ئاوەکەوە و خنکان، تاوەکو ئێستاش گەڕان بەدوای تەرمەکانیاندا بەردەوامە.
یاسین محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی سەڵاحەدین بە 964ـی راگەیاند، رووداوەکە درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ بووە، کاتێک یەکێک لە منداڵەکان لە کاتی یاریکردن قاچی خلیسکاوە و کەوتووەتە نێو ئاوەکە، براکەشی ویستوویەتی رزگاری بکات، بەڵام ئەویش کەوتووەتە ناو ئاوەکە و هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.
منداڵەکان، تەمەنیان چوار و پێنج ساڵانە، لە ئێستادا تیمەکانی مەلەوانی و خەڵکی ناوچەکە سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی تەرمەکانیان، بەڵام تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر