لە چەند لایەکەوە هەرەسى هێناوە
قەڵاى قەڵادزێ مەترسى داڕمانى لەسەرە
964+
وریا فەتاح
قەڵاى قەڵادزێ کە ناوى شارەکەى لەسەر بنیاتنراوە، مەترسى داڕمانى لەسەرە و لەچەند لایەکەوە هەرەسى هێناوە.
عەلى دینکە، لێپرسراوى ماڵى رۆشنبیرى و کەلەپورى قەڵادزێ بە 964ـى وت،”بەهۆى باران و بەفرەوە، لە هەرچواردەورى قەڵاکەوە، داڕمان روویداوە”.
داواش دەکات لە لایەنى پەیوەندیدار بەتایبەت شوێنەوارى راپەڕین و بەڕێوەبەرایەتى گشتى شوێنەوارى هەرێم، بەدەم قەڵاکەوە بچن و لە هەرەس بیپارێزن.
بەوتەى عەلى دینکە، قەڵاکە مێژوو و ناسنامەى قەڵادزێیە، پێشتر 55%ـى نەماوە و تەنیا 45%ـى ماوە، بۆیە دەبێت رێگرى بکرێت لە هەرەسهێنانى یەکجارەکى.
قەڵای قەڵادزێ، کەوتۆتە شاری قەڵادزێ، مێژوویەکی دێرینی هەیە، لە ساڵی (1957) وە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری بەغدا بە یەکێک لە شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان ناسێندراوە، لە ئێستادا وەک رەمزێکی شارەکە سەیر دەکرێت.
بە گوێرەی ئەو توێژینەوانەی لەسەر قەڵاکە کراون مێژوەکەی بۆ نزیکەی 6 هەزار و 500 سەد ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوەو لە کۆندا، وەک قەڵای سەربازی و شوێنی نیشتەجێبون بەکارهێنراوە، شارەزایانی شوێنەواریش دەڵێن: قەڵایەکە دووەم کۆنترین قەڵایە لە سنورەکەدا و پایتەختی زۆرێک لە شارستانیەتەکانی ئەو کات بووە.