بێکارەبایى هۆکارە
حەمامی ماڵەکانی کۆیە ساردن و هی بازاڕ گەرم
964+
دەریا ئەحمەد- کۆیە
کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی، بازاڕی تاقانە حەمامەکەی کۆیەی گەرم کردووە؛ هاووڵاتییان دەڵێن لە ماڵەوە ئاوی گەرمیان نییە و ناچارن بۆ خۆشۆردن روو لە حەمامی بازاڕ بکەن.
عەبدوڵا هەندرێن، خاوەنی حەمامەکە بە 964ـی وت، لەوەتەی کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە، خەڵکێکی زۆر سەردانیان دەکەن، بەتایبەت کاتەکانی ئێوارە کە پیاوان لە کار دەگەڕێنەوە.
دەشڵێت “زۆرێک لە پیاوان منداڵەکانیشیان لەگەڵ خۆیان دەهێنن بۆ حەمامەکە، چونکە لە ماڵەوە ئاوی گەرمیان نییە.”
هاووڵاتییانی کۆیە گلەیی توندیان لە کارەبا هەیە، ئەوان دەڵێن بە رۆژ کار دەکەن و شەویش کە دەگەڕێنەوە کارەبا نییە ئاو گەرم بکەن، ئەمەش وایکردووە ژنانیش لەناو ماڵەکاندا بێزار بن و پیاوانیش ناچار بن پەنا بۆ حەمامی گشتی ببەن.
لە کۆیە تەنیا یەک حەمامی گشتی (حەمامی بازاڕ) ماوە، کە ئێستا بەهۆی قەیرانی کارەباوە وەک ساڵانی زوو قەرەباڵغی تێکەوتووەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح