"كۆبوونەوەیەكی بەرفراون كرا"

“لە قەرەباڵغی و خنكانی شەقامەكانی شاری هەولێر دەكۆڵدرێتەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە كۆبوونەوەیەكدا پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە قەرەباڵغیی شار و خنكانی شەقامەكانیان كۆڵییەوە و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن.

راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەدا، بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، کۆبوونەوەی لیژنەى رێکخستنەوە و پەرەپێدانی هاتوچۆ ئێوارەی چوارشەممە ئەنجامدرا، كە بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، نەخشەدانانی ئاوەدانی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر و بەڕێوەبەرانی هەر شەش شارەوانی و ئەندازەی هاتوچۆ، هەروەها پارک و باخچەکان و پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان ئامادەی بوون.

“گفتوگۆ لە بارەی بڕیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەکانی پێشوو کرا و تیشک خرایەسەر پەرەپێدان و باشترکردنی سیستمی هاتوچۆی ناو شاری هەولێر و ڕێکخستنەوە و نۆژەنکردنەوەى شەقامە و شۆستەکانى ناوشار و ئەو شوێنانەی کە پێویستیان بەچاککردن هەیە”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.

هەروەها جەختی لە چارەسەرکردنی هەموو ئەو شوێن و شەقامە سەرەکییانە کرایەوە، کە لە چەند جێگەیەکى سەنتەری شار قەرەباڵغییەکی زۆریان کەوتووەتەسەر و بەهۆی زۆریی ژمارەی ئوتۆمبێلەوە دووچاری خنکان هاتوون.

وەك باسكراوە، پارێزگاری هەولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بەهەماهەنگى لەگەڵ یەکتر و لە رێگەى لیژنەى هاوبەش چارەسەری ئەو پرسانە بکرێت، هەروەها ژمارەیەک داواکارى و پێشنیار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى هاتوچۆى هەولێر خرانەڕوو، دواى گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنیان لەلایەن ئامادەبووانەوە، پارێزگاری هەولێر، سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕیوەبەرایەتى هاتووچۆى هەولێر و ئەندازەی هاتوچۆی راسپارد بەدواداچوون و دیراسەى وردى ئەو داوکارى و پێشنیارانە بکرێت لە پێناو جێبەجێکردنیان.

ئەوەی 964 تێبینیی كردووە ئەم ماوەیە قەرەباڵغییەكی زۆر لە سەنتەری شاری هەولێر هەیە و هاوڵاتیان گرفتیان بۆ دروستبووە لە رێگەوبان و شەقامەكان و جەنجاڵییەكی زۆری هاتوچۆ هەیە، بە تایبەتی لە شەقامەكانی 60 مەتری، 40 مەتری و 30 مەتری و رێگەی هەولێر كەسنەزان و چەند شوێنێكی دیكەش.

کامێراکانی چاودێری شەقامی 100 مەتری هەولێرییان قەرەباڵ...

کامێراکانی چاودێری شەقامی 100 مەتری هەولێرییان قەرەباڵغ کردووە