“پیاوەکەی ماسولکەی نییە”

چیڕۆکی ژنێکی هەریر کە لە سوچێکی دوکانە بچکۆڵانەکەی شەڕی هەژاری دەکات

+964
ئاکام غەفوور – هەریر

لە نێو خانوویەکی کۆنی کرێ و سەختی ژیان و بوونی سێ کچۆڵە و پیاوێکی نەخۆش کە توانای کارکردنی نیە، ژنێک بە رووێکی خۆش و ئومێدی زۆرەوە لەسەر پێی خۆی وەستاوە و بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات.

هەر بووە دەمەو ئێوارە، فاتیمە دەستێکی لە ناو هەویر و دەستێکی تری لەسەر ئاگر و دڵیشی لای منداڵەکان و پیاوە نەخۆشەکەیەتی، کە دوو ساڵە پیاوەکەی بەهۆی نەخۆشی پوکانەوەی ئێسک توانای کارکردنی نەماوە و ئەو خێزانە لە بارودۆخێکی سەختی ئابوری ژیان دەکەن و ئەوەی دەستیان دەکەوێت بەشی کرێی خانو و پێداویستی منداڵەکانیان ناکات، بەڵام وەک ژنەکە دەڵێت، هەر باشترە لەوەی چاویان لەدەستی خەڵک بێت.

فاتیمە زرار، بۆ 964 باسی کارەکەی دەکات و دەڵێت،”بەهۆی نەخۆش کەوتنی پیاوەکەم و نەداریەوە ئەم دوکانەم دانا کە 300 هەزار دینارم قەرز کرد تاکو دوکانەکەم دروست کرد و دوو مانگە دامناوە، رۆژانە لە کاتژمێر 4:00 ئێوارە لێرەم تاکو نزیک 12:00 شەو، کەلانە بە پیواز و بە پەنیر و گۆشتی خۆماڵی بە موشتەریەکانم دەدەم”

وەک ئەوەی فاتیمە باسی دەکات، خەمی گەورەی ئەو، نەبوونیی خانوو و ئەگەر خانوویەکیان هەبێت هەر چۆنێک بێت بژێوی ژیانی خۆیان دەست دەکەوێت، دەشڵێت،”هەر دێمە دەرەوە لە ماڵ دڵم لەلای منداڵەکانم و پیاوەکەمە، پیاوەکەم توانای جوڵە کردنی نیە و ئیتر هەر خەمی ئەوەمە لە پڕ ماڵەکەم ئاگر بگرێت بەهۆی سۆپا یان پیاوەکەم هەستێت و بەسەر یەکێکیان دا بکەوێت، بەهۆی ئەوەی کاریش دەکەم ناتوانم وەک پێویست ئاگام لە منداڵەکانم بێت و یەکێکیان ئەمساڵ لە قوتابخانە کەوتوە بەهۆی ئەوەی مەجالم نیە وانەکانی پێ بڵێم”.

ئیسماعیل یاسین، هاوسەرە پەککەوتەکەی فاتیمەیە و تەمەنی 29 ساڵە، بۆ 964 دەڵێت، نزیک 11 ساڵە ئەو نەخۆشیەم لێ دەرکەوتوە، پێشتر هەر چۆنێک بێت چەند کارێکی جیاوازم تاقی کردەوە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانمان دابین بکەین، بەڵام دوو ساڵە بە تەواوی پەکم کەوتوە، رۆژ بە رۆژ ئێسکەکانم زیاتر دەپوکێنەوە و دکتۆر پێی وتم نابێت لەسەر پێ بوەستی.

دەشڵێت،”زۆر ناخۆشە بۆمن کە دەبینم ژنەکەم دەچێتە دەرەوە بۆ کارکردن و منیش لەماڵەوە ناتوانم بجوڵێم بەڵام نەخۆشیەکەی من وەک پاتریەک وایە کە رۆژ بە رۆژ شەحنی کەم دەبێت و شەحنیش ناکرێتەوە بۆیە چارم نیە”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا