لە هەولێر
گۆشتی ماینچە دەكرێتە لەفە و بە شێوازێكی نوێ پێشكەش دەكرێت
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
ئەوە زانراوە گۆشتی ماینچەی ئاژەڵی وەك بەرخ و گوێرەكە “زەند” زیاتر وەك تەشریب یان لەگەڵ برنج پێشكەش دەكرێت، بەڵام خواردنگەیەكی هەولێر بیرۆكەیەكی تازەی هێناوە و گۆشتی ئەو بەشەی بەرخ و مانگا وەك لەفە پێشكەش دەكات، بەڵام نرخیشی گرانە.
محەمەد عەبدولوەهاب خاوەنی خواردنگەكەیە، كە لە كەرڤانەیەكدایە لەسەر شەقامێكی هەولێر و دەڵێت، لەفەی گۆشتی ماینچە، كە ناوەكەی فارسییە و خۆی “ماهیچە”یە، لە لای ئەوانەوە پێشكەش دەكرێت و نرخیشی 12 هەزار دینارە.
دەشڵێت، بیرۆكەكە لە خواردنگەكانی توركیاوە وەرگیراوە و هەنگوینیشی پێدا دەكەن.
ئەوانەی ئەو لەفەیە دەخۆن دەبێت زۆر ئاگاداری تەندروستیی خۆیان بن، چونكە وەك خاوەنی خواردنگەكە دەڵێت، “هەر لەفەیەكی زیاتر لە 400 گرام گۆشتی تێدایە”.
ئیتر ئەگەر زۆرت برسی بێت و گۆشتخۆرێكی باش بیت، بە لەفەیەكی ماینچە لە هەولێر تێردەخۆیت، بەڵام دەبێت دوو سەعاتێك وەرزش و بەپێ رۆیشتن بكەی، چونكە قورس و چەورە و هەزمكردنی ئاسان نییە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا