لە 2024 بناغەی دانراوە

ئومێد خۆشناو: كارەكانی پڕۆژەی نەخۆشخانەی شێرپەنجە بە پێش وادەی خۆی كەوتووە

ئەرسەلان عەبدوڵا

کارکردن لە پڕۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە هەولێر بەردەوامە، پارێزگاری هەولێریش دەڵێت كارەكان بەپێش وادەی خۆیان كەوتوون.

نەخۆشخانەكە لە 150 تەختی خەواندن و 100 تەختی چارەسەری كیمیایی پێكدێت و تاقیگەیەكی پێشكەوتوو لەخۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 6.1.2026 پارێزگاری هەولێر بە 964ی وت، “نەخۆشخانەكە سەرجەم ئامێرە پێشكەوتووەكانی چارەسەری نەخۆشییەكە لەخۆ دەگرێت و لەسەر رووبەری 30 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەكرێت و لە پێنج نهۆم پێكدێت، بەمەش دەبێتە گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە هەموو هەرێمی كوردستان و عێراقدا”.

وتیشی، كارەكانی پڕۆژەكە بە خێرایی دەڕۆن و دەتوانم بڵێم بەپێش وادەی خۆی كەوتووە، بە تەواوبوونی پڕۆژەكەش، پێشکەوتووترین تەكنەلۆجیای ئێم ئاڕ ئای، سیتی سكان، پێت سكان، چارەسەری تیشك، چاندنی مۆخی ئێسك، وێنەگرتنی گاما و چەندین تەكنەلۆجیای دیكە لە نەخۆشخانەكەدا بەردەست دەبن.

بەردی بناغەی نەخۆشخانەكە لە 18.9.2024 لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانییەوە دانراوە.