ئاماری لیژنەکانی فەتوا

ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 906 سوڵح و ئاشتەوایی خێزانی ئەنجام دراون

فەرهاد حەسەن

بەپێی زانیاری و ئاماری لیژنەکانی فەتوا لە هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو کێشانەی روویان کردۆتە لقەکانی یەکێتی زانایان لە ساڵی 2025 بەتایبەت لە بواری کێشەی خێزانی بریتی بووە لە  دوو هەزار و 713 حاڵەتە.

هەر بەپێی ئامارەکە سەرەڕای دەرکردنی 18 فەتوای فەرمی؛ ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان و لیژنەکانی فەتوای سەر بە لقەکان شەش هەزار و 379 پرسیاری شەرعی هاوڵاتیانی وەڵام داوەتەوەو هەزار و 391 کێشەی میرات و زەویوزار و  هەزار و 432 کێشەی مامەڵە و بازرگانی و کڕین و فرۆشتن چارەسەر کررون.

ئاماژە بەوەشکراوە، توانیویانە لەماوەی ئەو ساڵەدا لە هەرێمی کوردستان 906 پرۆسەی سوڵح و ئاشتەوایی ئەنجام بدەن، کە بەشێکیان کۆمەڵایەتی و خێزانی و بەشێکیشیان پەیوەست بوون بە کێشەی مامەڵە و میرات و زەویوزارو تەنانەت کێشەی خوێنداریش بووە.

هەر بەپێی ئامارەکە لە ماوەی یەک ساڵ تواندراوە  هەزار و 51 سیمینارو خول و وانەی زانستی و شەرعی ساز بکەن و لەناو چاکسازییەکانیش 112 سیمیناری تایبەت پێشکەش کراون، هەروەها بەشداری 42 کۆنفرانسی زانستی و پیشەیی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بوونە، لەگەڵ ئەوەش 93 توێژینەوە و بابەتی زانستی و رۆشنبیریان بڵاوکردۆتەوەو  73 پەیام و پۆستەری سۆشیال میدیایی وەک دەربڕینی هەڵوێست و دیدگای یەکێتی زانایان لەو ساڵەدا هەبووە، کتێبێکی تایبەت بە فەتواکانی ئەنجومەنی باڵای فەتواش وەک بەرهەمی چاپکراو کەوتۆتە بەردیدی خوێنەران.