پیاوێک لە بەردەم ATMـی بانکێکدا وەستاوە و پارە رادەکێشێت. وێنە: Getty Images
موچەخۆران گرفتارن
قەزاى پشدەر؛ لە قەیرانى موچەوە بۆ قەیرانى ATM
964+
وریا فەتاح
قائیمقامیەتی قەزای پشدەر هۆشداری لە دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر و پەککەوتنی پرۆسەی وەرگرتنی مووچە دەدات و رایدەگەیەنێت؛ لە تەواوی سنوورەکە تەنیا دوو ئامێری ATM کاردەکەن، ئەمەش موچەخۆرانى تووشی گرفت کردووە.
بەپێى نوسراوێک کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی کانوونی دووەمی 2026 لەلایەن قائیمقامیەتی پشدەرەوە ئاراستەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کراوە، دوای گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ سەر پڕۆژەی (هەژماری من)، ژێرخانی بانکەکان لە ناوچەکە وەک پێویست ئامادە نەکراوە.
داواش دەکات، ئامێرەکان زیاد بکرێن بۆ ئەوەى موچەخۆران بە ئاسانى موچەکانیان وەربگرن.
بەپێى روونکردنەوەیەکى قائیمقامییەتەکەش، لە تەواوی قەزای پشدەر تەنیا دوو ئامێری بانکی (RT) و (ئەهلی عێراقی) چالاکن، کە ئەمە بەهیچ شێوەیەک بەشی ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەران ناکات.
دەشڵێت: زۆربەی کاتەکان ئامێرەکان پارەیان تێدا نامێنێت، ئەمەش وایکردووە قەرەباڵغییەکی بێشوومار لەبەردەم ATMـەکان دروست ببێت.
قائیمقامیەتى پشدەر، ئاشکرای کردووە کە چەند ئامێرێکی نوێ دانراون، بەڵام تاوەکو ئێستا چالاک نەکراون و هیچ پارەیەکیان تێدا نییە.
بۆ ئەم کێشەیە، ئەبوبەکر باییز، قائیمقامی قەزای پشدەر، لە دوو نووسراوی جیاوازدا (لە 22ی کانوونی یەکەمی 2025 و 4ی کانوونی دووەمی 2026)، کە ئاراستەى ئیدارەى راپەڕینى کردووە، جەختی لە پێویستیی خێرا زیادکردنی ئامێرەکان کردووەتەوە، بەتایبەت بۆ سنووری “ناحیەی سەنگەسەر” کە تاوەکو ئێستا هیچ ئامێرێکی لێ نییە.
قائیمقامیەتی پشدەر دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران کە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو کێشەی وەرگرتنی مووچە چارەسەر دەکرێت و فشارەکان لەسەر ئامێرەکان کەمدەکرێنەوە.