شارەوانى: لەبەر لافاو گواستماننەوە
بەقاڵەکانى رزگارى گەراجەکەیان قبوڵ نییە
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
کاسبکاران و بەقاڵەکانی قەزای رزگاری لە بڕیارێکی شارەوانی نیگەرانن و دەڵێن؛ دەیانەوێت بە زۆر لە بازاڕ دەریانبکەن و بمانبەن بۆ شوێنێک کە “کەس نایەت بۆی”.
شارەوانی قەزاکە بڕیاری داوە تەواوی بەقاڵەکان لە ناو جەرگەی بازاڕەوە بگوازێتەوە بۆ “گەراجی ناوخۆیی” شارەکە، بەڵام کاسبکاران دەڵێن ئەم جێگایە بۆ ئەوان نابێت.
ئەو بەقاڵانەی بڕیارەکە گرتوونیەتەوە، بە 964یان وت؛ “ئەم گەراجە پێشتر بۆ پاس و تەکسی دروستکراوە، بەڵام چونکە پڕۆژەیەکی شکستخواردووە و تەکسییەکانی لێ ناوەستێت، ئێستا دەیانەوێت بە ئێمە جێگاکە پڕ بکەنەوە”.
دەشڵێن، شوێنەکە لە ناو بازاڕەوە دوورە و هاوڵاتیان بۆ کڕینی سەوزە و میوە ناچنە ئەوێ.
سەرۆکی شارەوانی رزگاری بۆ 964 جەختی لەسەر پێویستی گواستنەوەیان کردەوە و وتی؛ “ئەم هەنگاوە بۆ رێکخستنەوەی بازاڕی قەزاکەیە، چونکە ئەو شوێنەی ئێستا کاسبکارەکانی لێ نیشتەجێن، کەوتووەتە سەر رێڕەوی لافاو و مەترسییان لەسەرە”.
بەقاڵەکان داوا دەکەن شارەوانی پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات یان شوێنێکی گونجاوتر لە ناو بازاڕیان بۆ دابین بکات کە نزیک بێت لە کڕیارەکانیان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح