هەژاری رێگەی نەخۆشخانەی لێ گرتوون
“دایکە دەرمانەکانم نەماوە” هاواری کچێک و فرمێسکی دایکێکی میهرەبان
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
تەنیا ئەو دوو دارشەقە نین کە قورسایی جەستەی “دایکە بەفرین” هەڵدەگرن، بەڵکو خەمێکی گەورەى ناو دڵییەتی کە پشتی چەماندووەتەوە. خەمی کچێک کە لەبەر چاویدا دەژاکێت، بێ پارەیى رێگەى نەخۆشخانەى لێ بڕیون.
بەفرین عەبدوڵا، ئەو دایکە بەسۆز و میهرەبانەیە کە قاچەکانی یارمەتی رێکردنی نادەن، بەڵام خەمى کچەکەى لەسەر دوو داڕشەق هاتوچۆى پێدەکەن.
ئەو چیرۆکی شەوى رابردووى بۆ 964 دەگێڕێتەوە، شەوێک کە کچەکەی لە تاو ئازار دەیناڵاند، بەڵام گیرفانی بەفرین هێندە خاڵی بووە، تەنانەت نەیتوانیوە بیگەیەنێتە نەخۆشخانە.
“کچەکەم نەخۆشى لاوازى دەمارەکانى هەیە، شەوی رابردوو لەبەر بێپاریی نەمتوانی بیبەمە نەخۆشخانە، دڵم ژان دەکات کە ئاوا بە لاوازیی دەیبینم، بەڵام توانام نییە و نازانم چی بکەم، کچەکەم دەڵێت: دایکە عیلاجەکانم لێبڕاوە، منیش تەنیا نزاو دەست بەرزکردنەوە بۆلاى خودا شک دەبەم.” دایکە بەفرین واى وت.
کچەکەی دایکە بەفرین تووشی نەخۆشی “لاوازیی دەمارەکان” بووە، نەخۆشییەک کە رۆژ لە دوای رۆژ هێز لە جەستەی دەبڕێت و پێویستی بە چارەسەری بەردەوام هەیە، دایکە بەفرین کە خۆی پێویستى بە پشوو و دەستگیرۆیى هەیە، بەڵام هەموو ژیانی خۆی وەلا ناوە و تەنیا یەک هیوای هەیە”کچەکەی چاک ببێتەوە”.
دایکە بەفرین ئەوەندە لە خەمى کچەکەیەتى و خۆى خستووەتە لاوەو، چەند جارێک لە قسەکانیدا، دەیوت،”خودایە، لە تەمەنی من هەڵگرە و بیخەیتە سەر تەمەنی کچەکەم”.
ئێستا دایکە بەفرین، چاوەڕێی دەستێکی میهرەبانە تا بارى قورسى سەر دارشەقەکانى سوک بکات و رەنگى پەڕیوى کچەکەى بگەشێنێتەوە.
داڕشتنەوە: وریا فەتاح